رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی باڵای دەم پارتی بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان سەردانی جەهەپە دەکات. هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت، کۆبوونەوەکەیان ئەرێنی بووە و هۆشدارییش دەدات لەوەی "یارییەکی مەترسیدار" لە ناوچەکەدا بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 27-01-2026، شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە پێکهاتبوو لە تولای هاتیمۆغڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی پارتەکە و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، لە ئەنقەرە سەردانی بارەگای گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ـیان کرد و لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی ئەو پارتە کۆبوونەوە.
لەدوای کۆبوونەوەکە، تونجەر باکرهان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا رایگەیاند، گفتوگۆیەکی "ئەرێنی"ـیان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان کردووە.
باکرهان سوپاسی ئۆزگور ئۆزەلی کرد بۆ لێدوان و هەڵوێستەکانی لەبارەی شاری حەلەب و گوتی: "یارییەکی مەترسیدار لە ناوچەکەدا بەڕێوەدەچێت؛ دەبێت دەسەڵات ئەم دۆخە ببینێت و ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی خۆی جێبەجێ بکات."
شاندی دەم پارتی سەرەتا لەلایەن سەلین سایەک بۆکە، یاریدەدەری سەرۆکی جەهەپە پێشوازییان لێکرا و دواتر لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل چوونە کۆبوونەوەکە. جگە لە هاوسەرۆکان، هەریەک لە گوڵستان کڵچ کۆچیغیت و سزای تەمەللی، بریکارانی سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە شاندەکەدا بوون.
هاوکات شاندێکی دیکەی دەم پارتی بە سەرۆکایەتیی ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتەکە و بە بەشداریی سوڵتان ئۆزجان، هاوسەرۆکی هەدەپە، زنجیرەیەک سەردانیان بۆ رێکخراوە پیشەییەکان دەستپێکردووە، لەوانە: یەکێتیی سەندیکاکانی پارێزەران، کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کارمەندانی کەرتی گشتی و یەکێتیی پزیشکانی تورکیا.
بڕیارە رۆژی 29ی ئەم مانگە، شاندی دەم پارتی سەردانی هەریەک لە پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی (دەڤا) و پارتی سەعادەت بکەن، هاوکات سەردانەکەیان بۆ لای پارتی ئاییندە بەهۆی دۆخی تەندروستیی ئەحمەد داودئۆغڵوەوە دواخراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ