رووداو دیجیتاڵ
دوو کەس لە ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی کوشتن و پارچەپارچەکردنی ژنێک زیندانیکران.
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی کوشتنی ژنێک بەناوی دوردۆنا خۆکیمۆڤا، هاووڵاتی ئۆزبەکستان کە پاشان تەرمەکەی بە پارچەپارچەکراوی لە ناوچەی شیشلی دۆزرایەوە، دوو گومانلێکراو زیندانیکران و گومانلێکراوێکی دیکەش بە مەرجی دادوەری ئازاد کرا.
رۆژی 24ی کانوونی دووەم، پۆلیس ئاگادارکرایەوە کە لە گەڕەکی دوعاتەپەی ناوچەی شیشلی لە ئیستەنبووڵ، تەرمێک خراوەتە نێو کوتاڵەوە و فڕێدراوەتە ناو زبڵدانێکی گەورە.
دوای پشکنین دەرکەوت کە تەرمەکە سەر و هەردوو قاچی بڕدراوە.
پۆلیسی ئیستەنبووڵ لێکۆڵینەوەیەکی فراوانی دەستپێکرد و ناسنامەی ژنەکەی ئاشکرا کرد کە ناوی دوردۆنا خۆکیمۆڤایە و خەڵکی ئۆزبەکستانە.
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت، دوردۆنا لەلایەن خۆشەویستەکەیەوە بە ناوی (د، ئـ، و، ت) لە ماڵەکەی خۆی لە ناوچەی ئومرانییە کوژراوە.
دواتر بکوژەکە بە هاوکاریی هاوڕێیەکی بە ناوی (گ، ئا، ک) تەرمەکەیان پارچەپارچە کردووە و خستوویانەتە ناو جانتایەکەوە و بە تەکسی بردوویانە بۆ ناوچەی شیشلی و لەوێ فڕێیان داوە.
تیمەکانی پۆلیس دوای پشکنینی ژمارەیەکی زۆر لە کامێراکانی چاودێری، بۆیان دەرکەوت گومانلێکراوەکان بەنیازن بەرەو جۆرجیا رابکەن.
دوای هەشت کاژێر، هەردوو گومانلێکراوەکە لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ پێش ئەوەی تورکیا جێبهێڵن، دەستگیرکران.
پارچەکانی دیکەی تەرمەکەش لە تەنەکەی خۆڵی دیکەی هەمان ناوچە دۆزرانەوە؛ هەروەها کەسێکی دیکە بە ناوی (ئـ . ک) بە تۆمەتی ئەوەی کە گوایە دەستی لە کوشتنەکەدا هەبووە، دەستگیرکرا.
هەر سێ گومانلێکراوەکە دوای وەرگرتنی گوتە لێیان، رەوانەی دادگەی چاغڵایانی ئیستەنبووڵ کران.
دادوەر بڕیاری زیندانیکردنی بۆ (د، ئـ، و، ت) و (گ، ئا، ک) دەرکرد و گومانلێکراوی سێیەم (E.K) بە مەرجی دادوەری ئازادکرا.
شێوازی کوشتنی ئەو ژنە ناڕەزایەتیی تووندی لێکەوتووەتەوە. کۆمەڵە فێمینیستەکان لە ئیستەنبووڵ راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەیان بەوە کردووە، لێکۆڵینەوەی کاریگەر لەبارەی دۆسیەکانی کوشتنی ژنان و گیانلەدەستدانە گوماناوییەکان ناکرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ