رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، رژدن لەسەر ئەوەی پەنابەرە سووریاییەکان بنێرنەوە وڵاتەکەیان و لەوبارەیەشەوە لەگەڵ دیمەشق دەستیان بە گفتوگۆ کردووە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 27ـی ئایاری 2023، مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا بەشداری لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی کرد و وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە، ئەوەشی خستەڕوو کە پێشبینی دەکەن لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماردا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئانتاڵیا دەنگی زیاتر بەدەستبهێنێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەوە کردەوە، زۆر پێویستە هاووڵاتییان بەشداری لە دەنگدان بکەن و لەبارەی باسکردنی پرسی پەنابەرانیش لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا، رایگەیاند: "کێشەی پەنابەران کێشەیەکی گرنگە، قەیرانی سووریاش هەر کێشەیەکی گرنگە. پرسی کۆچی نایاسایی یەکێکە لە کێشە گرنگەکانی هەموو جیهان. یەکێکە لە تاقیکردنەوەکانی مرۆڤایەتی و وڵاتان. ئەم کێشەیەش بەردەوام لە جیهاندا روو لە گەورەبوونە و پێویستە بە باشی ئیدارە بدرێت".
چاوشئۆغڵو ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە پرسی کۆچبەران لە رۆژەڤی هەڵبژاردنەکانی ئاکپارتیدا هەبووە و گوتیشی: "بەکارهێنانی ناردنەوەی پەنابەرە سووریاییەکان وەک کارتی بانگەشەی هەڵبژاردن شتێکی راست نییە. ئەمە پێویستی بە کارێکی جیدییە، رێوشوێنی پێویستمان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی کۆچبەری نەیەتە تورکیا. لە ئیدلب 100 هەزار خانوومان دروستکردووە و بەوشێوەیەش رێگریمان لە گوشاری کۆچ کرد. لەلایەکی دیکەشەوە لەسەر سنوورەکانی سووریا و ئێران دیوارمان هەڵچنی و کامێرای چاودێریمان دانا".
مەولوود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەشدا، 553 هەزار هاووڵاتیی سووریا گەڕێندراونەتەوە بۆ ناوچەکانی باکووری سووریا، ئەم کارەش لە چوارچێوەی پلانێکی تایبەتدا بەردەوام دەبێت. گوتیشی: "دەمانەوێت نەک بەتەنیا بۆ ناوچە ئارامەکان، بەڵکو بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی رژێمی بەشار ئەسەدیش بنێرینەوە. لەوبارەیەشەوە لەگەڵ رژێم دەستمان بە گفتوگۆ کردووە".
چاوشئۆغڵو ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بەشێکی زۆری پەنابەرە سووریاییەکانی نیشتەجێی تورکیا، دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان و پێویستە ئەم قۆناخەش لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاساکانی تورکیا بەڕێوەبچێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەشدا کە یەکێک لە مژارە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەی 10ـی ئایاری مۆسکۆ لە نێوان وەزیرانی دەرەوەی رووسیا، تورکیا، ئێران و سووریا، ناردنەوەی پەنابەرانی سووریایی بووە بۆ زێدی خۆیان.
مەولوود چاوشئۆغڵو لەبارەی ئەو لێدوانانەی کە باس لەوە دەکەن دووبارە گەڕانەوەی سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی ئاماژەی ئەوەیە کە شەڕی ناوخۆی سووریا بەرەو کۆتایی دەچێت، رایگەیاند: "ئەگەر ئەم گەڕانەوەیە قۆناخی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و وڵاتانی عەرەبی خێراتر بکات، کارێکی باشە، بەڵام لێرەدا بەبێ خێراکردنی قۆناخی سیاسی و هاتنە ئارای رێککەوتنێک لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا کە گونجاوبێت لەگەڵ بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش، ئاشتی و سەقامگیرییەکی هەمیشەیی نایەتە ئاراوە. هەربۆیە ئەم جۆرە رێککەوتنانە سوود بە سەقامگیریی سووریا ناگەیێنن. ناکرێت بڵێین شتەکە روویدا و با لەبیریکەین، بەڵکو دەبێت ئەم رێککەوتنە بەشێوەیەک بێت کە سوودی زیاتری بۆ سووریا هەبێت".
لەبارەی قۆناخی نوێی پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا، چاوشئۆغڵو جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتیی ئەوروپا بەڵێنەکانی لەبارەی هەڵگرتنی ڤیزا و هاوچەرخکردنی یەکێتیی گومرگەکانی نەبردووەتەسەر. ئاماژەی بەوەشدا کە قۆناخی ئەندامێتیی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا بەهۆی بڕیارەکانی یەکێتییەکەوە گەیشتووەتە ئاستی پەککەوتن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ