رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی چارەسەری کۆدەبنەوە.
بەگوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی کە ئەمڕۆ سێشەممە 27ی ئایاری 2025 بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی شاندی پارتەکەیان لەگەڵ ئاکپارتی، سبەی چوارشەممە لە پەرلەمانی تورکیا دەبێت.
شاندی دەم پارتی دوای راگەیاندنی بڕیارەکانی کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەبارەی کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوە، دەستی بە کۆبوونەوە لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی تورکیا کردەوە.
شاندەکە ئەمڕۆ سێشەممە، لەگەڵ پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) کۆبووەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی دەم پارتی، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری کراوە؛ هەروەها بابەتی دەستووریش یەکێک بووە لە مژارەکان.
شاندی دەم پارتی هەر لە چوارچێوەی گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆسەکە، لە رۆژانی 19-23ی ئەم مانگە لەگەڵ پارتەکانی دەڤا، سەعادەت، جەهەپە، سەرلەنوێ رەفاه و ئاییندە کۆبووەوە.
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
شاندی ئیمرالیی دەم پارتی پێنج جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی راگەیاندووە.
ئۆجەلان 27ی شوباتی ئەم ساڵ، ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ