ئەردۆغان لەبارەی دەم پارتی: بەرپرسیارانە مامەڵە دەکات

27-05-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا پێداگریی هاوپەیمانیی جمهوور بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری دووپات دەکاتەوە و دەشڵێت، دەم پارتی بەرپرسیارانە سیاسەت دەکات.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کە هاوکات سەرۆکی ئاکپارتییە، لە کۆبوونەوەی رێکخستنەکانی پارتەکەی لە ئەنقەرە کە رۆژی سێشەممە 27-05-2025 بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
یەکێک لە مژارەکانی گوتارەکەی ئەردۆغان پرۆسەی چارەسەری بوو، کە حکومەتی تورکیا بە پرۆسەی 'تورکیای بێ تیرۆر' ناوی دەبات.
 
ئەردۆغان گوتی، ئەگەر پرۆسەی 'تورکیای بێ تیرۆر' سەربکەوێت، تەواوی 86 ملیۆن دانیشتووانی تورکیا سەردەکەون، "لە کارەکانی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆردا کە بە بانگەوازی ئێمە بۆ تۆکمەکردنی بەرەی نێوخۆ دەستیپێکرد و بە هەنگاوی بوێرانە و مێژوویی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە پێگەیشت، بە سوپاسەوە قۆناخێکی دیکەی گرنگمان بە ئاسانی بڕی. رێکخراوەکە (پەکەکە) بە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان، چووە قۆناخێکی نوێ."
 
سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند، ئەوان لە هەر دەرفەتێکدا ویستی خۆیان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دووپات دەکەنەوە؛ هەروەها پەسنی هەڵوێست و هەنگاوەکانی دەم پارتیی دا و گوتی، "هەر لە یەکەم رۆژەوە گرنگی بەوە دەدەین بونیاتنەر بین، هانی لایەنەکان بدەین و زمانێک بەکاربهێنین هیوا بە هەموو 86 ملیۆنەکە بدات. بە خۆشحاڵییەوە دەبینی پارتەکان، لە سەرووی هەموویانەوە دەم پارتی شێوازێکی بەرپرسیارانە پەیڕەو دەکەن. بە تێڕوانینی ئێمە، ئەم شێوازە بونیاتنەرانەیەی سیاسەت زۆر بەهادارە."
 
ئەردۆغان بریاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی بە بڕینی قۆناخێکی نوێ ناوبرد و رایگەیاند، لەگەڵ بڕینی هەر قۆناخێکی نوێ، هیوا و بەرپرسیارێتی ئەستۆیان زیاتر دەبی. هیواشی خواست پرۆسەکە بە بێ کێشە بگاتە ئەنجام.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە