ئەردۆغان: ئامانجمانە لە سەتەی نوێدا یەکڕیزیی نیشتمان بەدیبهێنین

27-06-2023
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە بەبۆنەی جەژنی قوربان بڵاویکردەوە، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ئامانجیان ئەوەیە لە سەتەی نوێی کۆمارەکەیاندا یەکڕیزیی نیشتمان بەدیبهێنن.
 
لە پەیامەکەیدا کە رۆژی سێشەممە 27-6-2023 بە ڤیدیۆ بڵاویکردەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، "سوپاسی نەبڕاوەی پەروەردگارمان دەکەین کە بە تەندروستییەوە بە جەژنی گەیاندینەوە، هیواخوازم جەژنی قوربان ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ گەلی تورکیا، جیهانی ئیسلامی و تەواوی مرۆڤایەتی."
 
سەرۆککۆماری تورکیا، جەختی لەوە کردەوە، جەژنەکان رۆژانی پڕ خێر و بەرەکەتن کە یەکڕیزی و تەبایی و برایەتیی هەمیشەیی لەناو گەلدا پتەو دەکات. گوتیشی، "جەژنی قوربان کاتێکی بەرەکەتدارە کە بە پەرستشی قوربان، هاوبەشی و هاودەنگی دەگاتە لووتکە. باوەڕم وایە پشتیوان بە خودا جەژنی قوربان کەشوهەوای برایەتیی نێوان هاووڵاتییانمان بەهێز دەکات، بەتایبەتی لە کاتێکدا بوومەلەرزەکانی 6ی شوبات دڵتەنگی کردین. کارەکانی بونیاتنان و نۆژەنکردنەوە بە خێرایی بەردەوامن. پشتیوان بە خودا رادەستکردنی بەشی یەکەمی یەکەکانی بوومەلەرزە لە مانگی تشرینی یەکەم - تشرینی دووەمەوە دەستپێدەکەین."
 
ئەردۆغان باسی لەوەش کرد، سەتەی تورکیا کە لە بەیانیی 29ی ئایارەوە دەستیان بە بونیاتنانی کردووە، پشتیوان بە خودا لە خەیاڵەوە دەیکەن بە راستی و گوتی، "ئامانجمانە لە سەتەی نوێی کۆماردا سەرکەوتنێکی زۆر نوێ و یەکڕیزیی نیشتمانی بەدیبهێنین. بە دڵنیاییەوە دەگەینە مەنزڵی سەتەی تورکیا. هاوشێوەی 21 ساڵی رابردوو لە پێنج ساڵی داهاتووشدا بە گیان و دڵەوە کار دەکەین و هەرگیز سازش لەسەر سیاسەتی خزمەتکردن ناکەین."
 
کۆبوونەوەکە کە دەبێتە دووەمین کۆبوونەوەی کابینەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لەدوای هەڵبژاردن، بڕیارە کاژێر 02:00ی دوای نیوەڕۆ لە کۆشکی کۆماری بەڕێوەبچێت. هەریەک لە بابەتەکانی مووچەی خانەنشینان و فەرمانبەران، کەمترین بڕە مووچە لە مانگی تەممووز، هەڵاوسان، زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزە، بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە و چەند تەوەرێکی دیکە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.
 
لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیادا رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور بۆ پۆستی سەرۆککۆماری 49.54٪ رێژەی دەنگەکانی بردەوە. هەروەها کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت رێژەی 44.85٪ی دەنگەکانی بردەوە.
 
بەگوێرەی چوارەمین بڕگەی یاسای ژمارە 6271، لەبەر ئەوەی هیچ یەک لە بەربژێران دەنگی پێویستیان بەدەستنەهێنا کە 50+1٪ی دەنگەکان بوو، رۆژی 28-05-2023 گەڕی دووەمی هەڵبژاردن بۆ دەنگدان بە هەردوو بەربژێری سەرۆککۆمار بەڕێوەچوو. لە گەڕی دووەمدا ئەردۆغان 52.1٪ و کڵچدارئۆغڵو 47.8٪ی دەنگەکانی بردەوە. بەمجۆرە ئەردۆغان بۆ ماوەی 5 ساڵی دیکە لە پۆستی سەرۆککۆماریدا دەمێنێتەوە.
 
لە یەکەمین هەنگاویدا ئەردۆغان جگە لە وەزیری تەندروستی، تەواوی وەزیرەکانی دیکەی لادا و کەسانی نوێی خستە شوێنەکانیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە