رووداو دیجیتاڵ
دوای 13 مانگ دادگەی ئەنقەرە حوکمی کۆتایی لەبارەی دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ بڵاوکردەوە، کە 108 سیاسەتڤانی کورد دادگایی کران و 18 کەسیان لە زیندانن. بەپێی حوکمی دادگە، ئەو تۆمەتبارانەی دۆسیەی کۆبانێ سزایان بۆ دەرچووە، وەکو بەرپرس لە تووندوتیژییەکانی 6-8ی تشرینی یەکەم نەناسێنراون، بەڵکو خەڵکیان بۆ تاوان هان داوە.
پەروین بوڵدان پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی دەڵێ، بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی ئامادەکراوە، دۆسیەکە ھەڵوەشاوەتەوە و دەبێت تۆمەتبارانی دۆسیەکە ئازاد بکرێن.
بوڵدان گوتی، "زیاتر لە حەوت ساڵە ھاوڕێکانمان بەھۆی دۆسیەی کۆبانێ زیندانین، بەڵام لە راپۆرتەکەدا پاساوی بڕیارەکە زۆر واتادارە کە ھیچ شتێک نییە ھاوڕێکانمانی پێ تاوانبار بکرێت. حەوت ساڵ و نیوە ھاوڕێکانمان بە نایاسایی و بە ناحەق لە زینداندان. لە سەرووی ھەموویانەوە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و ھەموو ھاوڕێکانی دیکە دەبێت بە زووترین کات ئازاد بکرێن."
سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری جەھەپەیە لە بازنەی ئامەد، سەبارەت بە دۆسیەی کۆبانێ دەڵێت، شێوازی راپۆرتەکە نایاساییە و رۆژ بە رۆژ متمانە بە دادوەری کەمدەبێتەوە.
تانریکوڵو رایگەیاند، "دادگە بڕیارەکەی تەواو لە ماوەی 13 مانگدا نووسی. ئایا بیانووی بڕیارێک دەبێت 32 ھەزار لاپەڕە بێت؟ 32 ھەزار لاپەڕە! ھاوڕێیانی بەڕێز، بڕوانن، من لێرە تەنیا باسی ئەوەم کرد کە بۆچی متمانە بە دادوەری نەماوە. بڕیارێک کە دەبێت لە ماوەی 15 رۆژدا بنووسرێت، لە ماوەی 13 مانگدا دەنووسرێت و گومانلێکراو و پارێزەر تەنیا دەتوانن لە ماوەی حەوت رۆژدا وەڵام بدەنەوە."
دوای زیاتر لە سێ ساڵ دانیشتنی دادگە رۆژی 16ـی ئایاری ئەم ساڵ دادگەی ئەنقەرە بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەی کۆبانێ دا.
لەو دۆسیەیەدا هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە سەڵاحەددین دەمیرتاش بە 42 ساڵ و فیگەن یوکسەکداغ بە 30 ساڵ، هەروەها ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی مێردین بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزادراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ