رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی دەپە (قەرەقۆچان)ـی دەم پارتی لە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی و ئەندامێتی پارتەکەی راگەیاند.
سونگول دوزگون رۆژی پێنجشەممە 26ـی حوزەیرانی 2025 رایگەیاند، دەستی لە پۆستەکەی کێشاوەتەوە.
دوزگون لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە ماوەی کارکردنیدا یەکسانیی جێندەری کۆمەڵایەتی، شارەوانیی لە پێناوی خەڵکدا و شەفافیەتی وەکو بنەما وەرگرتووە، بەڵام لەو خاڵەی ئێستا پێی گەیشتووە، لە رووی سیاسی و ویژدانییەوە درێژەدان بەو چەمکانە، ئەستەمە.
ئەو شارەدارەی دەم پارتی دەڵێت، "شێوازی بەڕێوەبردن کە هەوڵی بۆ دەدرێت لە شارەوانیی دەپە، دوورە لە خەڵک، بەهاکانی خەڵک و تێگەیشتنی بەشداری، بەتایبەتی ئەو کەسەی لە پۆستی هاوسەرۆکیدایە ئەو هەڵسوکەوتەی کردوویەتی، سیاسەتی ئازادیخوازی ژنان بێ بەها دەکات."
دوزگون رایگەیاند، شارەوانی هەوڵدەدات بکرێتە قازانج و بەرژەوەندیی کەسی، ئەم هەڵوێستەش کۆمەڵگا دابەش دەکات و بەها کولتووری، ئابووری و باوەڕی خەڵک پشتگوێ دەخات.
لە بەیاننامەکەدا دوزگون باسی لەوەش کردووە، بەهۆی ئەو هەڵوێستەی لە دژی پێکهاتەی شارەوانی نیشانی داوە، گوشاری لەسەر بووە بۆ ئەوەی لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە، چەندین جار رووبەڕووی گوشار بۆ دەست لە کار کێشانەوە بووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ