رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەم پارتی دەڵێ، لەبارەی پێکهێنانی کۆمیسیۆنی حقوق لە پەرلەمانی تورکیا رێککەوتن هەیە، رۆژی دووشەممە پێشنیازی پارتەکەیان پێشکێش دەکەن.
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، ئەمڕۆ هەینی 27ـی حوزەیرانی 2025 لە ناوەندی دەم پارتی لە ئەنقەرە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند ئەو کۆمیسیۆنەی کە بڕیارە لە پەرلەمان پێکبهێندرێت، پێویستە خاوەن ئەرکی تایبەت" بێت و ئەوان لەمبارەیەوە پێشنیازێکیان ئامادە کردووە.
دۆغان گوتی: "ئەمڕۆ دەبینین لەنێو پارتە سیاسییەکان و لەنێو کۆمەڵگە لەسەر بیرۆکەی پێکهێنانی کۆمیسیۆنەکە و گرنگییەکەی رێککەوتن هەیە. دەگوترێت، ئێمە وەکو دەم پارتی بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە پێشوازی لەوە دەکەین. پێشتریش گوتبوومان کە پێشنیازەکەمان لەسەر ئەم بابەتە ئامادەیە. ئێمە رۆژی دووشەممە ئەم پێشنیازە پێشکێش بە نوعمان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمان دەکەین، پارتە سیاسییەکانی دیکەش ئەوە دەکەن"
گوتەبێژی دەم پارتی ئاماژەی بەوەدا، زۆر گرنگە کە سەرۆکی پەرلەمان لەمبارەیەوە دەستپێشخەریی کردووە و لەگەڵ بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆبووەتەوە و گوێی ڵی گرتوون و گوتی: "ئێمە ئەو نزیکایەتییە ئەرێنی و بنیاتنەرەی ئەو لەبارەی کۆمیسیۆنەکە بە ئەرێنی دەبینین. سەرۆککۆمار ئەردۆغان-یش لەبارەی بابەتەکە راگەیێندراوی هەبوو. ئەمانە هەمووی ئەوە دەردەخەن کە رێککەوتنێکی گشتی هەیە. ئێستا ئێمە لەو دۆخەدا نین کە لەسەر ئەم رێککەوتنە زانیاریی فراوان بدەین. چونکە گەڕان بەدوای رێککەوتن بەردەوامە و گفتوگۆکان لەبارەی ئەم بابەتەوە بەردەوامن".
ئایشەگوڵ دۆغان گوتی: "دوێنێ پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار ئەندامانی شاندی ئیمراڵمان لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوە. دواتر، ئەوانیش بیروڕای خۆیان لەسەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و کۆمیسیۆنەکە بڵاوکردەوە. پێویستە چەک بە تەواوی بێکاریگەر بکرێن و پێویستە هەموو میکانیزمە پێویستەکان بۆ ئەم مەبەستە لە زووترین کاتدا بێ دواخستن دابمەزرێن."
دۆغان، لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، ئەوان چاوەڕێی وەڵامی ئەردۆغانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ