رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کە لە 7 پارێزگادا کرا و ناوەندەکەی ئیستەنبووڵ بوو، 10 کەس بە تۆمەتی سیخوڕی دەستبەسەرکران. ئۆپەراسیۆنەکە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی "سیخوڕی سیاسی و سەربازی"دا کرا.
ئەمڕۆ هەینی 27ـی حوزەیرانی 2025، تیمەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵ لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەیەدا ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتیان لە 7 پارێزگادا کرد.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوکاریی وەزارەتی بازرگانیی تورکیا بەڕێوەچووە و دەستنیشان کراوە گومانلێکراوان زانیاریی هەناردە و هاوردەیان بە هەندێک کەس فرۆشتووە، لە کاتێکدا دەبێت بە نهێنی و تایبەت بمێننەوە.
هەر بە گوێرەی زانیارییەکان، گومانلێلکراوان بە هاوکاریی کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی گومرگ زانیارییان لەسەر ماڵپەڕ و میدیای کۆمەڵایەتی فرۆشتووە و بەم شێوەیە نهێنییەکانی بازرگانییان ئاشکرا کردووە.
لەو چوارچێوەیەدا 10 کەس دەستبەسەر کراون و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ