رووداو دیجیتاڵ
لە تورکیا و باکووری کوردستان بەهۆی هەژارییەوە 316 هەزار خوێندکار ناچاربوون واز لە خوێندن بهێنن.
لە سەرتاسەری تورکیا دۆخی ئابووری و سەختیی بژێویی ژیان کاریگەریی نەرێنی لەسەر گەنجان داناوە. بەگوێرەی ئەو داتایانەی یوسف تەکین، وەزیری پەروەردەی تورکیا ئاشکرای کردوون، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا ژمارەی ئەو خوێندکارانەی زانکۆ کە ناچاربوون واز لە خوێندن بهێنن و بگەڕێنەوە بۆ لای خێزانەکانیان، گەیشتووەتە 289 هەزار و 413 خوێندکار. بە زیادبوونی ئەو خوێندکارانەی کە وازیان لە خوێندن هێناوە، ئەو ژمارەیە بۆ 316 هەزار و 738 کەس بەرزبووەتەوە.
ئالیە تیمیسی ئەرسەڤەر، پەرلەمانتاری جەهەپە، لەبارەی دۆخی خوێندکارانەوە پرسیاری ئاراستەی وەزیری پەروەردەی تورکیا کردبوو، رۆژی سێشەممە 26 ـی ئاب وەزیری پەروەردە وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی یوسف تەکین رایگەیاندووە، لە سەرتاسەری تورکیا لە ماوەی دوو ساڵدا 316 هەزار و 738 خوێندکار وازیان لە خوێندن هێناوە، کە خوێندکارانی ماستەر و دکتۆراشیان تێدایە.
ئالیە تیمیسی ئەرسەڤەر، پەرلەمانتاری جەهەپە، لەبارەی داتاکان رایگەیاندووە، بەشەناوخۆییە حکومییەکان بەشی خوێندکاران ناکەن و نرخی هەر ژوورێکی بەشەناوخۆییە تایبەتەکانیش مانگانە لە 12 هەزار لیرەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 65 هەزار لیرە دەڕوات. ئەرسەڤەر رەخنە لە حکومەت دەگرێت و دەڵێت، ئەمە دەرەنجامی سیاسەتە هەڵەکانی دەسەڵاتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ