ئەندامێکی سەرکردایەتیی ئاکپارتی لەسەر سزادانی ئامەدسپۆر هاتە دەنگ

27-09-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئۆرهان میرئۆغڵو، ئەندامی سەرکردایەتیی ئاکپارتی رەخنەی تووندی لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا گرت بەوەی لەسەر نووسینێک بە زمانی کوردی لەسەر درێسی یانەکە سزای داون و بە توانجەوە دەڵێ، بەراورد بە سەتەی رابردوو نرخی قسەکردن بە زمانی کوردی زۆر گران بووە.
 
یانەی ئامەدسپۆر، ئەمڕۆ شەممە 27-9-2025 لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیاوە بە 110 هەزار لیرەی تورکیا (2600 دۆلار) سزادرا و هۆکارەکەشی بوونی نووسینێکی کوردییە لەسەر درێسی یاریزانانی.
 
میرئۆغڵو، ئەندامی سەرکردایەتی و پەرلەمانتاری پێشووی ئاکپارتی لە بازنەی مێردین، لە پەیامێکدا رەخنەی لەو بڕیارە گرت و دەڵێت: "ئایا ئەو کۆمیسیۆنەی پەرلەمان کە گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکات ئاخۆ گوێ لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بگیرێت یان نا، یانیش ئەو فیدراسیۆنەی تۆپی پێ کە لەسەر رستەیەکی چوار وشەیی کوردی سزای تیپێک دەدات، کامیان راستن؟"
 
میرئۆغڵو دەڵێت، بەراورد بە ساڵی 1925 کاتێک چاودێرانی شارەوانی لە قاوەخانەکان دەسووڕانەوە و بە پسووڵە سزای ئەو کەسانەیان دەدا کە بە زمانی کوردی قسەدەکەن، ئێستا نرخی قسەکردن بە زمانی کوردی زۆر بەرزبووەتەوە. 
 
هەروەها نووسیویەتی: "سەت ساڵ لەمەوبەر سزای هەر خولەکێک قسەکردن بە زمانی کوردی 10-15 قوروش بوو؛ خوا لێی خۆشبێت جەمال گەزەر باسی ئەمەی بۆ کردم. ئەویش لە باوکییەوە بیستبووی، تەنانەت بەشێک لە سیلوانییەکان زۆرجار، پێشوەختە پارەیان بە چاودێری شارەوانی دەدا و پێیان دەگوت کە زیاتر دادەنیشن و بە کوردیش قسەدەکەن".
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی ئاکپارتی رایگەیاندووە، لەکاتێکدا زمانی کوردی رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر رێز و رەوایەتیی بەرزدەبێتەوە، ئایا  دەبێت هۆکار چی بێت بەجۆرێک رەفتار دەکەن وەک ئەوەی ناچار بن ئاو بکەنە سەر چێشتی کوڵاو؟
 
چی روویدابوو؟ 
 
ئامەدسپۆر بووە یەکەم یانە لە مێژووی تورکیادا لە خولە پیشەگەرەکاندا لەسەر درێسەکەی دروشمی کوردی بنووسرێ، بۆ ئەوەش پێشتر رەزامەندیی لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیای وەرگرتووە.
 
ئامەد سپۆر گرێبەستی لەگەڵ گرووپی کۆمپانیاکانی تەزگەل واژۆکردووە بۆ ئەوەی درووشمی "یانەکەمان بۆ ئێوە" بە زمانی کوردی لەسەر درێسەکەی بنووسێت.
 
دروشمی کوردی بە رەزامەندی فەرمیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا (TFF) نووسرابوو، بەڵام دوای یاریی یانەکە بەرامبەر یانەی ساکاریاسپۆر بە پاساوی "پێشێلکردنی رێنماییەکانی کەرەستە و ئامێرە وەرزشییەکان" هەمان فیدراسیۆن بە 110 هەزار لیرەی تورکی سزای بەسەر ئامەد سپۆردا سەپاند.
  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەفربارین لە شاری ئاگریی باکووری کوردستان. وێنە: AA/ئەرشیڤ

کەشناسیی تورکیا: پێشبینیی بارینی بەفر لە 21 پارێزگا دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینی دەکات لە 21 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بەفر ببارێ، لەنێویاندا ئەرزەڕۆم، وان و سێواسی باکووری کوردستان