رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی داتاکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا لە تورکیا و باکووری کوردستان ژمارەی بێکاران زیادی کردووە و گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 75 هەزار کەس.
دامەزراوەکە ئەمڕۆ دووشەممە 27ی تشرینی یەکەمی 2025، داتاکانی پەیوەست بە بێکاریی لە تورکیا و باکووری کوردستان بۆ مانگی ئەیلوولی 2025 بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی داتاکان، رێژەی بێکاری بەراورد بە مانگی ئابی 2025 وەکو خۆی لە 8.6%دا ماوەتەوە، بەڵام ژمارەی بێکاران 12 هەزار کەس زیادیکرد و کۆی گشتیی ژمارەی بێکاران گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 75 هەزار کەس.
لەنێو گەنجاندا رێژەی بێکاری دابەزیوە. رێژەی بێکاری لەنێو ئەو کەسانەی تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 24 ساڵدایە بۆ 14.9% دابەزیوە. رێژەی بێکاریی لەنێو گەنجانی رەگەزی نێر 11.7% لە نێو گەنجانی رەگەزی مێش 23.7% بووە.
لە تورکیا و باکووری کوردستان لە مانگی ئەیلوولدا هەلی کار بۆ 200 هەزار کەس کەمیکردووە و بە گشتی هەلیکار بۆ 32 ملیۆن و 491 هەزار کەس دابینکراوە.
داتاکانی ئەم دامەزراوەیە کە دامەزراوەیەکی فەرمیی دەوڵەتە، لەسەر بنەمای ئەو کەسانە هەژماردەکرێت، کە بە فەرمی داواکارییان بۆ کارێک پێشکەش کردووە و کاریان بۆ دابین نەکراوە. ئەو کەسانەی کە بە فەرمی داواکارییان پێشکەش نەکردووە بۆ کارێک لە ئامارەکەدا ئاماژەی پێ نادرێت. هەر بۆیە پێشبینی دەکرێت رێژەی بێکاری زۆر لەوە زیاتر بێت کە بە فەرمی راگەیێندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ