سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی پرۆسە: یەکگرتنی خەڵکی ئەنادۆڵ، میزۆپۆتامیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە

27-10-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، پڕۆسەی چارەسەری تەنیا سوودی بۆ تورکیا نییە و یەکگرتنی خەڵکی ئەنادۆڵ، میزۆپۆتامیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە لە دژی ئەوانەی هەوڵدەدەن ناوچەکە پاکتاو بکەن.
 
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئەو قسانەی لە پرۆگرامی کردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن لە زانکۆی باڵکئەسیر کرد، کە رۆژی دووشەممە 27-10-2025 بەڕێوەچوو.
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا پرۆسەی چارەسەریی بە دەرفەتێکی گەورە وەسفکرد و گوتی: "پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بە مانای ئەوە دێت، جارێکی دیکە ئەسپی ئەوانە نەیەتەوە ئێرە کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان بە کێڵگەی باوکیان دەزانی و بە هەوەسی خۆیان ئەسپسوارییان تێیدا دەکرد".
 
کورتوڵموش هەروەها رایگەیاند، پرۆسەی چارەسەری یەکگرتنی خەڵکانی ئەنادۆڵ، میزۆپۆتامیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە لە دژی ئەوانەی دەیانەوێ ناوچەکە پاکتاو دەکەن.
 
پرۆسەی چارەسەری بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) و پشتیوانیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەستیپێکرد. 
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەلایەن دەوڵەتەوە وەکو لایەنی بەرامبەر ناسراوە و شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەردانی ئیمراڵی دەکات و درێژە بە گفتوگۆکانی تایبەت بە پرۆسەکە دەدات.
 
کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی لە پەرلەمانی تورکیا بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی پرۆسەی چارەسەری دامەزراوە و تاوەکو ئێستا 15 کۆبوونەوەی لەگەڵ چین و توێژەکانی کۆمەڵگە کردووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە