رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، ئەو هەڵمەتەی بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لە ئامەد دەستیان پێکردووە، لەوەی گابار فراوانترە و ئامەد دەبێتە شارێکی نەوتی.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، لە کۆبوونەوەی ئاسایی مانگی تشرینی دووەمی ئەنجوومەنی ژووری پیشەسازیی ئیستەنبووڵ (ISO) کە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 26-11-2025 بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، بۆ پڕکردنەوەی خواستی وزەی تورکیا، کە لە زیادبووندایە، هەوڵی زیادکردنی سەرچاوە ناوخۆیی و وزە نوێبووەکان دەدەن.
بایراکتار وەبیری هێنایەوه، لە ساڵی 2016ـەوە بە "سیاسەتی نیشتمانیی وزە و کانزا" ستراتیجیی گەڕان بەدوای نەوت و گازی سرووشتی لە تورکیا و باکووری کوردستاندا پەرەی پێدراوە.
سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوت لە باکووری کوردستاندا، بایراکتار گوتی: "لە گابار نزیکەی 3 هەزار و 600 ئەندازیار کار دەکەن. بە دروستکردنی 600-700 کیلۆمەتر رێگە، ئێستا رۆژانە 80 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێندرێت. هەتا ئەمڕۆ قەبارەکەی ساڵانە نزیکەی 2 ملیار دۆلارە. دەبێت تورکیا چیرۆکێکی نوێ بنووسێتەوە".
گەڕان و پشکنین و پەرەپێدان لە ئامەدیش بەردەوامە. وەزیری وزەی تورکیا گوتی: "لە دیاربەکر لە چوار کێڵگەدا دەستمان بە کار کردووە. تورکیا بە شێوازی درزتێخستن (Fracking) بەدوای نەوتی بەردیندا (Shale Oil) دەگەڕێت. ئەوەی دیاربەکر رەنگە لە گابار گەورەتر بێت و دەبێتە هۆی گۆڕینی هاوکێشەکە. ئەگەر سەرکەوتوو بین، رەنگە بە لێدانی سەدان بیر، بەرەو قۆناخێک بڕۆین کە دیاربەکر دەبێتە شارێکی نەوتی."
بایراکتار ئاماژەی بەوەش کرد، تورکیا لە لیبیا، ئەفریقا، عێراق، سووریا، ئازەربایجان، تورکمانستان و کازاخستان بەردەوام دەبێت لە کارەکانی.
بایراکتار رایگەیاند، ئابووریی تورکیا لە 23 ساڵی رابردوودا لە نزیکەی 240 ملیار دۆلارەوە بۆ 1.6 تریلیۆن دۆلار گەشەی کردووە و گوتی: "هەناردەمان لە 36 ملیار دۆلارەوە گەیشتووەتە 270 ملیار دۆلار. ئابووریی تورکیا جووڵەیەکی بەهێزی بەخۆیەوە بینیوە و چیرۆکێکی سەرکەوتنی گرنگمان نووسیوەتەوە. ئەم سەرکەوتنە بە گشتی سەرکەوتنی ئێوەی پیشەکارانە".
وەزیری وزەی تورکیا راشیگەیاند، هاوتەریب لەگەڵ گەشەی ئابووریی تورکیا، پێویستیی وزەش زیادیکردووەو گوتی: "لە بابەتی وزەدا رووبەڕووی سێ ئاڵنگاری بووینەتەوە: یەکەمیان، زیادبوونی خواستی وزەی تورکیا؛ دووەمیان، پرسی وابەستەیی تورکیایە بە دەرەوە و سێیەمیشیان ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوایە. جیهان بە خێراییەکی زۆر بەرەو بە کارەباییبوون دەچێت و بەرەو قۆناخێک دەچین کە ژیریی دەستکرد (AI) بە فراوانی دێتە ناو ژیانمانەوە. ئەمە بەدیجیتاڵبوونیش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. کە سەیری تورکیاش دەکەین هەمان ئاراستە دەبینین. خواستی وزەی تورکیا بەردەوام لە زیادبوون دەبێت."
وەزیری وزەی تورکیا دەڵێ، وڵاتەکەی لە 22 ساڵی رابردوودا بڕی یەک تریلیۆن و 20 ملیار دۆلاری بە هاوردەکردنی وزە داوە. ئەرکی ئێمە کەمکردنەوەی هاوردەی وزەیە. ئامانجی تورکیا ئەوەیە بگاتە 120 هەزار مێگاوات لە وزەی خۆر و با، کە سەرۆککۆمار لە لووتکەی (COP29) بە جیهانی راگەیاند. هەتا ئەمڕۆ توانامان لە وزەی خۆر و با گەیشتووەتە 38 هەزار مێگاوات."
ئاڵپئارسڵان بایراکتار رۆژی 1ی کانوونی دووەمی 2024 سەردانی شرنەخی باکووری کوردستانی کرد و رایگەیاند، گەورەترین پرۆسەی دۆزینەوەی نەوتیان لە مێژووی کۆماری تورکیادا لەو پارێزگاکە دەستپێکردووە.
بەرهەمی رۆژانەی نەوت لە گابار 80 هەزار بەرمیلە و ئامانجی حکومەتی تورکیاش بۆ کۆتایی ئەم ساڵ 100 هەزار بەرمیل نەوتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ