دەم پارتی بۆ رووداو: پارتی و یەکێتی ئێمەیان بە تەنیا نەهێشتەوە

27-11-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری هاوسەرۆک و هاوگوتەبێژی کۆمیسیۆنی کاروباری دەرەوەی دەم پارتی بە رووداوی راگەیاند، دوای پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە تورکیا پێی ناوەتە قۆناخێکی نوێوە. دەشڵێت، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی و یەکێتی لە ساڵی 2025دا باشتر بووە و ئەو دوو حیزبە ئەوانیان بە تەنیا نەهێشتووەتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 27ی تشرینی دووەمی 2025، ئیبرو گونای، جێگری هاوسەرۆک و هاوگوتەبێژی کۆمیسیۆنی کاروباری دەرەوەی دەم پارتی لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە تۆڕی میدیایی رووداودا لەبارەی پرۆسەی ئاشتی، دۆسیەی سەڵاحەدین دەمیرتاش و پەیوەندییە نێوخۆییەکانیان قسەیکرد. 
 
"ئۆجەلان و پەکەکە بەرپرسیارێتیی خۆیان جێبەجێکردووە"
 
سەبارەت بە هەڵسەنگاندنیان بۆ دۆخی ئێستا، جێگری هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت، دوای "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی"ـی بەڕێز ئۆجەلان، تورکیا پێی ناوەتە رێگەیەکی نوێوە بەرەو ئاشتییەکی هەمیشەیی، بەڵام ئاشتیی هەمیشەیی تەنیا بەم بانگەوازییە بەدی نایەت. 
 
گوتیشی: "لە روانگەی ئێمەوە، تائێستا بەڕێز ئۆجەلان و پەکەکە بەرپرسیارێتییەکانی خۆیان جێبەجێ کردووە. بۆیە، ئێستا کاتی ئەوەیە حکومەت هەنگاوی کردەیی بنێت."
 
ئیبرۆ گونای ئاماژەی بە سەردانەکەی ئەم دواییەی شاندی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان بۆ دوورگەی ئیمرالی کرد و گوتی: "بەگوێرەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا، کۆبوونەوەکە سەرکەوتوو بووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی دەبێت رێگەیەک بۆ چاکسازیی یاسایی بگیرێتەبەر". 
 
ئەو بەرپرسەی دەم پارتی هۆشداری لە دژایەتیکردنی پرۆسەکە دەدات و دەڵێت: "نابێت رای گشتی لەلایەن ئەوانەی دژی پڕۆسەی ئێستان دەستکاری بکرێت، چونکە ئێمە پێشتر لە ساڵانی 2010دا ئەمەمان ئەزموون کردووە، کاتێک رای گشتی لەژێر کاریگەریی گرووپە دژە-کورد و دژە-چارەسەرەکاندا بوو."
 
ئیبرو گونای داوای گۆڕینی دۆخی ئیمراڵی دەکات و دەڵێت: "دەبێت بارودۆخی بەڕێز ئۆجەلان بگۆڕدرێت. گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە کاریگەرییەکی ئەرێنیی گەورەی لەسەر رای گشتی دەبێت. چیدی ناکرێت پێشنیاز و دیدگاکانی ئەو لە رێگەی لایەنی سێیەمەوە بگەیەنرێن. دەبێت بۆ بەڕێز ئۆجەلان بارودۆخێک بڕەخسێنرێت کە رێگەی بدات دەستی بە ئامرازەکانی پەیوەندیکردن بگات."
 
"دۆسیەی دەمیرتاش و کاڤالا هێمای نادادپەروەرین"
 
سەبارەت بەوەی ئایا ئازادکردنی دەمیرتاش مەرجە بۆ ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەورووپا، بەرپرسەکەی دەم پارتی رایدەگەیێنێت، راستەوخۆ پەیامی وایان پێ نەگەیشتووە، بەڵام ئەمە لەگەڵ سیاسەتی یەکێتیی ئەورووپادا یەک دەگرێتەوە، چونکە هۆکارەکانی پشت زیندانیکردنی دەمیرتاش پەیوەندییەکی نزیکیان بە نەبوونی دیموکراسی و سەروەریی یاساوە هەیە لە تورکیا. 
 
ئیبرو گونای گوتی: "دۆسیەکانی بەڕێز دەمیرتاش و بەڕێز کاڤالا، بوونەتە هێمای نادادپەروەری لە تورکیا. هەردوو دۆسیەکە ئەوەیان دەرخستووە، حکومەتی تورکیا دامەزراوە یاساییەکان وەک ئامرازێک دژی ئۆپۆزسیۆن بەکاردەهێنێت. بەتایبەتی، پێناسەی 'دژە تیرۆر' لە یاسادا ناڕوونە."
 
سەلاحەدین دەمیرتاش لە رۆژی 4ـی تشرینی دووەمی 2016ـەوە لە گرتووخانەی ئەدیرنە بەندکراوە و بە 47 دۆسیەی جیاواز تۆمەتبار کراوە. بەرپرسەکەی دەم پارتی دەڵێت: "ئێمە بێ وچان جەختمان لەوە کردووەتەوە، زیندانیکردنی هەموو زیندانییە سیاسییەکان، لەوانە بەڕێز دەمیرتاش و خاتوو یوکسەکداغ، زیان بە ئاسۆی ئاشتیی هەمیشەیی دەگەیەنێت."
 
"پارتی و یەکێتی دەم پارتییان بە تەنیا نەهێشتەوە"
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئیبرو گونای کردنەوەی نووسینگەی نوێنەرایەتی لە هەولێر بە بەڵگەیەکی کۆنکرێتی دەزانێت بۆ خواستی پەیوەندیی نزیکتر لەگەڵ پارتی و یەکێتی.
 
ئیبرو گونای گوتی: "تەنیا لە ساڵی 2025دا، چەندین سەردانمان بۆ هەولێر، دهۆک و سلێمانی کردووە بۆ بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییانە. ئێمە باوەڕمان وایە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە ساڵی 2025دا بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو باشتر بووە." گوتیشی: "هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی رۆڵێکی گرنگیان لە پڕۆسەی ئێستادا هەیە. دەتوانین بە روونی بڵێین کە ئەوان تائێستا بەرپرسیارێتییەکانی خۆیان بۆ پشتیوانیکردن لە ئاشتیی هەمیشەیی جێبەجێ کردووە."
 
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی ئیبرو گونای:
 
رووداو: هەڵسەنگاندنی ئێستاتان بۆ پڕۆسەکە چۆنە؟ ئایا پێشبینی دەکەن سەرکەوتوو بێت؟
 
ئیبرو گونای: دوای "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی"ـی بەڕێز ئۆجالان، تورکیا پێی ناوەتە رێگەیەکی نوێوە بەرەو ئاشتییەکی هەمیشەیی. بێگومان، ئاشتیی هەمیشەیی تەنیا بەم بانگەوازییە بەدی نایەت. لە روانگەی ئێمەوە، تائێستا بەڕێز ئۆجالان و پەکەکە بەرپرسیارێتییەکانی خۆیان جێبەجێ کردووە. بۆیە، ئێستا کاتی ئەوەیە حکومەت هەنگاوی کردەیی بنێت. وەک چۆن لە نزیکەوە ئاگادارن، دوای گفتوگۆیەکی دوورودرێژ لەنێو کۆمیسیۆنی پەرلەماندا، سێ ئەندامی کۆمیسیۆنەکە لە 24ی تشرینی دووەمدا لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان کۆبوونەوە. بەگوێرەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا، کۆبوونەوەکە سەرکەوتوو بووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دەبێت رێگەیەک بۆ چاکسازیی یاسایی بگیرێتەبەر. وەک "دەم پارتی"، ئێمە زۆر بەهیواین کە پڕۆسەکە بەرەو پێشەوە بچێت ئەگەر هەموو ئەو پارتە سیاسییانەی لە پەرلەمان نوێنەرایەتییان هەیە — بەتایبەتی پارتی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی — بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن.
 
رووداو: بە بۆچوونی ئێوە گەورەترین بەربەستەکانی بەردەم پڕۆسەکە چی دەبن؟
 
ئیبرو گونای: پڕۆسەکە ناکرێت بە کاتێکی دیاریکراوەوە سنوردار بکرێت و هەر قۆناخێک بەربەستی تایبەت بە خۆی دەبێت. بەڵام بە گشتی، نابێت رای گشتی لەلایەن ئەوانەی دژی پڕۆسەی ئێستان دەستکاری بکرێت. ئێمە پێشتر لە ساڵی 2010دا ئەمەمان ئەزموون کردووە، کاتێک رای گشتی لەژێر کاریگەریی گرووپە دژە-کورد و دژە-چارەسەرەکاندا بوو. ئێمە باوەڕمان وایە کە ئاشتیی هەمیشەیی لە تورکیا تەنیا لە رێگەی کۆدەنگییەکی جەماوەرییەوە بەدی دێت، کە دوور بێت لە چەواشەکاری و زانیاریی هەڵە. لەم چوارچێوەیەدا، دەزگاکانی راگەیاندن، بەتایبەتی میدیای فەرمی و سەرەکی، بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لەسەرشانە بۆ ئەوەی بە دروستی زانیاری بدەنە خەڵک.
 
لەلایەکی دیکەوە، دەبێت بارودۆخی بەڕێز ئۆجالان بگۆڕدرێت. گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە کاریگەرییەکی ئەرێنیی گەورەی لەسەر رای گشتی دەبێت. چیدی ناکرێت پێشنیاز و دیدگاکانی ئەو لە رێگەی لایەنی سێیەمەوە بگەیەنرێن. دەبێت بۆ بەڕێز ئۆجالان بارودۆخێک بڕەخسێنرێت کە رێگەی بدات دەستی بە ئامرازەکانی پەیوەندیکردن بگات تاوەکو بتوانێت پەیامەکانی بە خەڵک، پارتە سیاسییەکان و نوێنەرەکانیان بگەیەنێت.
 
رووداو: بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا پێی راگەیاندین: "ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش یارمەتیی تورکیا دەدات بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا". ئێوە چی دەڵێن لەسەر ئەمە؟ ئایا چاوەڕێ دەکەن ناوبراو ئازاد بکرێت؟
 
ئیبرو گونای: هیچ بەرپرسێکی یەکێتیی ئەوروپا شتێکی لەو جۆرەی راستەوخۆ بە ئێمە نەگوتووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە لەگەڵ سیاسەتی یەکێتیی ئەوروپادا یەک دەگرێتەوە، چونکە هۆکارەکانی پشت زیندانیکردنی بەڕێز دەمیرتاش پەیوەندییەکی نزیکیان بە نەبوونی دیموکراسی و سەروەریی یاساوە هەیە لە تورکیا.
 
دۆسیەکانی بەڕێز دەمیرتاش و بەڕێز کاڤالا، بوونەتە هێمای نادادپەروەری لە تورکیا. هەردوو دۆسیەکە دەریانخستووە حکومەتی تورکیا دامەزراوە یاساییەکان وەک ئامرازێک دژی ئۆپۆزیسیۆن بەکاردەهێنێت. بەتایبەتی، پێناسەی "دژە تیرۆر" لە یاسادا ناڕوونە، بەهۆی ئەم وەسفە لێڵەوە، هەر هاووڵاتییەک دەکرێت تۆمەتی "تیرۆر"ـی بدرێتە پاڵ.
 
وەک دەزانن، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاری داوە بەڕێز دەمیرتاش دەستبەجێ ئازاد بکرێت. ئێمە بێ وچان و بەردەوام جەختمان لەوە کردووەتەوە، زیندانیکردنی هەموو زیندانییە سیاسییەکان، لەوانە بەڕێز دەمیرتاش و خاتوو یوکسەکداغ، زیان بە ئاسۆی ئاشتیی هەمیشەیی دەگەیەنێت. بۆیە، ئازادکردنی سەرجەم زیندانییە سیاسییەکان هیواکان بۆ ئاشتییەکی بەردەوام بەهێزتر دەکات.
 
رووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی باشووری کوردستان، بەتایبەتی پارتی (PDK) و یەکێتی (PUK) چۆنە؟ کاریگەریی ئەوان لەسەر پڕۆسەکە چۆن دەبینن؟
 
ئیبرو گونای: وەک دەم پارتی، ئێمە زۆر بە جددی سەیری پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پارت و نوێنەرە سیاسییە کوردییەکان دەکەین. کردنەوەی نووسینگەی نوێنەرایەتی لە هەولێر بەڵگەیەکی کۆنکرێتییە لەسەر ئەوەی ئێمە خوازیاری پەیوەندیی نزیکترن لەگەڵ پارتی، یەکێتی و پارتە کوردییەکانی دیکە. تەنیا لە ساڵی 2025دا، چەندین سەردانمان بۆ هەولێر، دهۆک و سلێمانی کردووە بۆ بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییانە. ئێمە باوەڕمان وایە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە ساڵی 2025دا بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو باشتر بووە.
 
بەشێوەیەکی سروشتی، ئەم بەرەوپێشچوونە پەیوەستە بەو پڕۆسەیەی کە لە ئارادایە. هەمووان ئەوەمان بینیوە کە ئێمە خاوەنی خەباتێکی هاوبەش و ئامانجێکی هاوبەشین: ئەویش ئاشتیی هەمیشەییە بۆ کورد لە هەموو بەشەکاندا. هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی رۆڵێکی گرنگیان لە پڕۆسەی ئێستادا هەیە. دەتوانین بە روونی بڵێین کە ئەوان تائێستا بەرپرسیارێتییەکانی خۆیان بۆ پشتیوانیکردن لە ئاشتیی هەمیشەیی جێبەجێ کردووە. دەمانەوێت ئەم دەرفەتە بقۆزینەوە بۆ سوپاسکردنی پارتی، یەکێتی و پارتە کوردییەکانی دیکە کە لەم پڕۆسەیەدا دەم پارتییان بە تەنیا نەهێشتەوە. ئێمە باوەڕی تەواومان هەیە کە هەموو پارتە سیاسییە کوردییەکان دەتوانن ئامانجەکانیان بەدی بهێنن، ئەگەر پەیوەندییەکان باشتر بن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە