رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، کەسانیک هەوڵدەدەن لەڕێی جیاوازیی نەژاد، مەزهەب و بیروباوەڕەوە گەلانی ناوچەکە دابەش بکەن و بە پێویستی زانی بەرامبەر تەڵەی لەوجۆرە وریا بن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی شەممە، 27-12-2025، لە رێوڕەسمی رادەستکردنی کلیلی 455 هەزارەمین خانوو بۆ زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزە لە پارێزگای هاتایی تورکیا، گوتارێکی پێشکێشکرد و لە بەشێکیدا باسی پرۆسەی چارەسەریی کرد.
لەکاتێکدا کۆبوونەوە و دیدارەکانی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا بەردەوامن، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "هەموومان دەزانین کێن ئەوانەی هەوڵدەدەن لەڕێی جیاوازیی نەژاد، مەزهەب و بیروباوەڕەوە ئێمە دابەش بکەن. بۆیە بەرامبەر تەڵەی بازرگانانی خوێن و پشێوی، زۆر وریا دەبین. لەدوای تورکیای بێ تیرۆر، هەموومان بەیەکەوە بە ناوچەی بێ تیرۆریش دەگەین کە تێیدا سایەی تاریکی تیرۆر بە تەواوی سڕاوەتەوە. هیچ کەسێک ناتوانێت ئاستەنگ بخاتە بەردەم بونیاتنانی تورکیای مەزن و نوێ."
سەرۆککۆماری تورکیا رووی دەمی کردە نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان: "تورک، عەرەب، کورد، تورکمان، سوننە، عەلەوی و نوسەیری؛ هەموومان یەکین، بەیەکەوەین و دانیشتووانی هەزار ساڵەی ئەم خاکەین. پەنا بەخوا، چەندین سەدەی دیکە لە نێو ئاشتی و ئارامیدا، لە نێو مافی دراوسێیەتی و برایەتیدا لە پێکەوەژیان بەردەوام دەبین."
رۆژی 6ی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بە گوڕەکانی 7.7 و 7.6 لە دوو شارۆچکەی پارێزگای مەڕەش روویاندا؛ زیانیان بە 8 پارێزگای باکووری کوردستان، سێ پارێزگای تورکیا و بەشێکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا گەیاند.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە زیاتر لە 50 هەزار کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستدا.
حکومەتی تورکیا بەردەوامە لە قەرەبووکردنەوەی زیانبەرکەوتووان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ