رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی مەهەپە پرۆسەی چارەسەریی بە رۆشنکەرەوە وەسفکرد و رایگەیاند، نیازیان پاکە. نزا و خواستیان ئەوەیە ئەنجامی پرۆسەکە راستەقینە و دادپەروەرانە بێت و شکۆی نیشتمانی بپارێزێت.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە پارێزگای هاتایی تورکیا، بەشداری لە رێوڕەسمی تیروپشکی دابەشکردنی 455 هەزارەمین یەکەی نیشتەجێبوونی زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەی کرد.
لە رێوڕەسمەدا کە رۆژی شەممە 27-12-2025 بە ئامادەبوونی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەڕێوەچوو، دەوڵەت باخچەلی گوتارێکی پێشکێش کرد و باسی هەڵمەتی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی هاتای، لە دوای بوومەلەرزەکەی 6ی شوبات کرد.
دەوڵەت باخچەلی گرنگیی پرۆسەی چارەسەریی بەبیرهێنایەوە و گوتی: "ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر، لەگەڵ شارە ئارام و ئاسوودەکانمان، دەبێتە نیشانە و پارێزەری 100 ساڵەی تورکیا. هاوکات، ئەگەر هەنگاو و جووڵەکانی ناوچەی بێ تیرۆر بگەنە ئەنجامێکی شکۆدار و هەوڵەکان بەرهەمیان هەبێت، هاوشێوەی شەقامی 'کورتوڵوش' کە یەکەم شەقامی رۆشنکەرەوەی جیهانە، وڵات و ناوچەکەمان بۆ هەمیشە بە ئاشتی و ئارامی رووناک دەبنەوە. نیازمان پاکە. نزا و خواستیشمان ئەوەیە کە ئەنجامی پرۆسەکە راستەقینە و دادپەروەرانە بێت و شکۆی نیشتمانیمان بپارێزێت".
باخچەلی جەختی لەوە کردەوە دەبێت هەمووان پێکەوە بەرەنگاری ئەو سیناریۆ ناوچەیی و جیهانییانە ببنەوە کە ئامانجیان تێکدانی تورکیا و ناوچەکەیە و گوتی: "دەبێت رێگری لە پڕۆژە زایۆنی-ئیمپریالیستەکان بکەین کە تارمایی دەخەنە سەر یەکێتی، تەبایی و برایەتیمان. لەبەر ئەوەش، جگە لەوەی دەبێت یەک دڵ، یەک دەست و یەک هەناسە بین، پێویستە هەموومان لەنێو خێزانی گەورەی گەلی تورکدا دەست لەناو دەست بین. بەبێ رەچاوکردنی نەژاد، ناوچە، زمان و مەزهەب، دەبێت لەنێو برایەتیدا یەکگرتوو بین".
حکومەتی تورکیا بەردەوامە لە ئاوەدانکردنەوەی ئەو 11 پارێزگایەی لە بوومەلەرزەکەی 6ی شوباتی 2023 زەرەمەند بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ