رووداو – هەولێر
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا داوا لە واشنتن دەکات بچێتە نێو دانوستاندنی ئەتۆمی لەگەڵ تاران؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا گەیشتوونەتە ناوچەکە و ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران لە ئارادایە.
رۆژی چوارشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2026، هاکان فیدان لەچاوپێکەوتنێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "هێرشکردنە سەر ئێران هەڵەیە. هەڵگیرساندنەوەی جەنگ کارێکی هەڵەیە. ئێران ئامادەیە جارێکی دیکە لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی دانوستاندن بکات."
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە ئامۆژگارییەکەی بۆ "دۆستە ئەمریکییەکان" هەمیشە ئەوە بووە کە دۆسیەکان لەگەڵ ئێرانییەکان یەکە یەکە دابخەن. هاکان فیدان گوتی: "لە پرسی ئەتۆمییەوە دەستپێبکەن و دایبخەن، پاشان بچنە سەر بابەتەکانی دیکە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا هۆشداریدایە واشنتن لەوەی مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی ئێراندا وەک "یەک پاکێج" نەکات و گوتی: "ئەگەر هەموو شتێک پێکەوە کۆبکەنەوە، بۆ دۆستە ئێرانییەکانمان هەرسکردنی زۆر قورس دەبێت و رەنگە وەک سووکایەتیش بیبینن."
ئەم لێدوانانەی فیدان دوای ئەوە دێن کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندووە، گرووپێکی دەریایی بە سەرۆکایەتیی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری USS Abraham Lincoln لە ئاوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیر بوون.
تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە و سنوورێکی 530 کیلۆمەتریی لەگەڵ ئێران هەیە، لەماوەی رابردوودا دژایەتی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی تاران دەربڕیوە.
هەفتەی رابردووش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئاڵۆزییەکانی ئێرانی بە "تاقیکردنەوەیەکی نوێ" ناوبرد و بەڵێنیدا تورکیا دژی هەر دەستپێشخەرییەک بووەستێتەوە کە ناوچەکە بەرەو پشێوی ببات.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە کۆتایی ساڵی رابردوو سەردانی تارانی کردووە و بە راشکاوی بە بەرپرسانی ئێرانی گوتووە: "پێویستە متمانە لە ناوچەکەدا دروست بکەن و گرنگی بەوە بدەن کە وڵاتانی ناوچەکە چۆن دەتانبینن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ