رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی پاشەکشەی ئابوورییەوە، لە ساڵی 2025 دا، ژمارەی مایەپووچبوون، دەستبەسەرداگرتنی موڵک و داخستنی شوێنکارەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکرد. دادگەکان لە ماوەی ساڵەکەدا بڕیاری کاتییان بۆ 2 هەزار و 817 دۆسیەی مایەپووچبوون دەرکرد، هاوکات 120 هەزار و 423 کاسبکار کارەکانیان راگرت.
لاوازبوونی توانای کۆمپانیا و تاکەکان بۆ دانەوەی قەرزەکانیان، بووە هۆی زیادبوونی ژمارەی چەک و قەواڵەی بێبەرامبەر. لەم ماوەیەدا، داواکارییەکانی دەستبەسەرداگرتن و مایەپووچبوون بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکرد.
بەپێی ئامارەکانی یەکێتیی کاسبکاران و پیشەوەرانی تورکیا (TESK)، ژمارەی دۆسیەکان لە فەرمانگەکانی جێبەجێکردن گەیشتووەتە نزیکەی 25 ملیۆن و لە تورکیایەک کە ژمارەی دانیشتووانی 86 ملیۆن کەسە، لە هەر سێ کەس یەکێکیان دۆسیەی دەستبەسەرداگرتنی موڵکی هەیە.
ئەو 2 هەزار و 817 بڕیارە کاتییەی مایەپووچبوون کە دادگەکان لە ساڵی 2025دا دەریکردوون، وەک بەرزترین ئاست لە مێژوودا تۆمارکرا. ئەم ژمارەیە، سەرنجڕاکێش بوو چونکە کۆی گشتیی ساڵانی 2022، 2023 و 2024ـی تێپەڕاندبوو.
بەپێی ئامارەکە، لە ماوەی 5 ساڵی رابردوودا، 606 هەزار و 843 کاسبکار شوێنکارەکانیان داخستووە. ژمارەی کارە داخراوەکان لە ساڵی 2024 دا 120 هەزار و 5 بوو، بەڵام لە ساڵی 2025 دا بە 418 حاڵەت زیادیکرد و گەیشتە 120 هەزار و 423 حاڵەت.
بەپێی ئەم ئامارانە، لە ساڵی 2025 دا، رۆژانە بە تێکڕا 330 کاسبکار و لە کاژێرێکیش زیاتر لە 13 کاسبکار مایەپووچ بوون. لە هەمان ساڵدا، 93 هەزار و 561 کاسبکار تۆماری خۆیان سڕیوەتەوە و 26 هەزار و 862 کاسبکاریش وازیان لە پیشەکانیان هێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ