رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل) 13 تۆمەتباری داواکراوی لیستی سوور رادەستی وەزارەتەکەیان کراوە و گەڕێندرانەوە تورکیا بۆ دادگەییکردنیان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28ـی کانوونی دووەمی 2026، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە هەژماری ئێکس بڵاویکردەوە، 13 تۆمەتباری داواکراو لە لیستی سوور-ی تورکیا رادەستی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کراون کە بەشێکیان لەلایەن پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل) بووە و شەوی رابردوو گەڕێندرانەوە تورکیا.
عەلی یەرلیکایا باس لەوە دەکات، تۆمەتبارە داواکراوەکان بە تۆمەتەکانی قاچاخچێتی، بازرگانیکردن بە مرۆڤ، مادەی هۆشبەر، هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت، کوشتن و تاوانی رێکخراو داوا کرابوون و بەپێی بڕیاری دادگە لە لیستی سوور-ی وەزارەتی ناوخۆ بوون.
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەوەشی خستەڕوو، تۆمەتبارە داواکراوەکان 9 کەسیان لە جۆرجیا، 2 کەس لە ئەڵمانیا و ئەوانی دیکەش لە ئەرمینیا، کرواتیا و ئەلبانیا دەستگیرکرابوون و ئینتەرپۆل رادەستی تورکیای کردنەوە.
جەختی لەوەشکردەوە، لەم کابینەی حکومەتەدا کە لە 2023ـەوە دەستبەکار بووە، تاوەکو ئێستا 651 تۆمەتباری داواکراو، لەلایەن ئینتەرپۆل و یۆرۆپۆل رادەستی تورکیا کراون. هەروەها 69 داواکراوی دیکە لە لیستی سوور لەناو تورکیا دەستگیرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ