رووداو دیجیتاڵ
کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللـەت لەدوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردن و بردنەوەی پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "نەمدەتوانی ئەو ستەمە قبووڵ بکەم. نەمدەتوانی قبووڵ بکەم خەڵک برسی بن."
کڵچدارئۆغڵو دەشڵێت، "نەمدەتوانی ببمە ئەهریمەنی کەڕ و لەپێناو نەهێشتنی ستەم و برسێتی من هاتمەپێش". باس لەوەش دەکات، "ناهەقی زۆر لەبەرامبەر خەڵکی وڵاتەکەماندا دەکرێت."
بەربژێری هاوپەیمانیی میللـەت سوپاسی پشتیوانیی سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکات لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا و خستنە پاڵی دەنگیان لەگەڵ دەنگی ئەو و دەڵێت، "لە درێژەپێدانی خەباتی دیموکراسیی بەردەوام دەبین" و "هەر بە ناڕازی لەو دۆخەی ئێستا دەمێنینەوە".
پێشتر، رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور دوای ئەوەی ئەنجامەکان یەکلایی بوونەوە و جارێکی دیکە بە سەرۆککۆماری تورکیا هەڵبژێردرایەوە، لەبەردەم ئاپۆڕای جەماوەرەکەیدا لە ئیستەنبووڵ گوتی: سەرکەوتین.
بەپێی دوایین ئاماری جیاکردنەوەی دەنگەکان، 99.1٪ـی دەنگەکان جیاکراونەتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، 52.07٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و کەمال کڵچدارئۆغڵو ٪47.93ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. بەوشێوەیە ئەردۆغان خولێکی دیکەش سەرۆککۆماری تورکیا دەبێت.
وەک رەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت: لەم هەڵبژاردنەدا تەنیا تورکیا براوەیە، ئێمە پێکەوە خەونی هەموو چین و توێژەکانی میللەتەکەمانمان بەدیهێنا.
ئەردۆغان گوتیشی، "گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمارمان تەواو کرد، دەمەوێت سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ میللەتەکەم دەرببڕم، کە لە نێوان دوو جەژندا جەژنی دیموکراسییان پێبەخشین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ