یەسەپە: ئەنجامەکان پێشانیدەدەن کە نیوەی خەڵکی تورکیا گۆڕانکارییان دەوێت

29-05-2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یەسەپە دەڵێت، ئەنجامەکان پێشانیدەدەن کە نیوەی خەڵکی تورکیا گۆڕانکارییان دەوێت و رایدەگەیێنێت، لە پارێزگا کوردنشینەکاندا "هەروەکو 14ی ئایار" دەنگ بە كڵچدارئۆغڵو دراوە. 
 
درەنگانێکی شەوی یەکشەممە، 28ـی ئایاری 2023، هەریەکە لە میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپە؛ چیدەم کڵچگون ئوچار و ئیبراهیم ئاکن، هاوگوتەبێژانی پارتی چەپی سەوز - یەسەپە  کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانییان سازکرد و رایانگەیاند، "ئەنجامەکان بەڕوونی ئەوە دەردەخەن کە لە هەر دوو کەسێک لەم وڵاتەدا یەکێکیان خواستی گۆڕانکاریی هەیە، بۆیە ئەرکی سەرەکیی سیاسەتی تورکیا گۆڕینی سیستمی ئێستایە، کە دیارە بلۆک کراوە. ئەوەش دەبێتە هۆی جەمسەرگیری کۆمەڵگە و لەنێوبردنی بنەمای دیموکراسی."
 
ئیبراهیم ئاکن، لە کۆنفڕانسە رۆژنامەڤانییەکەدا لەدوای یەکلاییبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "ئێمە لێرەین. ئێمە بەردەوام دەبین لە سەرکردایەتیکردنی خەباتی دیموکراسی بۆ گۆڕانکاری چ لە پەرلەمان و چ لە هەموو بوارەکانی ژیاندا. روو لەم رێبازە وەرناگێڕین، پێکەوە لەسەر بنەمای کۆمەڵگە دەجەنگین. پێکەوە سەردەکەوین." 

 

بەپێی دوایین ئاماری جیاکردنەوەی دەنگەکان، 99.1٪ـی دەنگەکان جیاکراونەتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، 52.07٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و کەمال کڵچدارئۆغڵو ٪47.93ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. بەوشێوەیە ئەردۆغان خولێکی دیکەش سەرۆککۆماری تورکیا دەبێت. 
 
هاوگوتەبێژی یەسەپە باسی لەوەشکرد، "ئێمە هەڵبژاردنێکی دادپەروەر و نایەکسانمان هەبوو کە لە ژێر هەلومەرجی ستەمکارانەی رژێمی تاکە کەسیدا روویدا.بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور، ئەردۆغان، هەموو ئامرازێک و ئامرازەکانی دەوڵەتی بەبێ سنوور بەکارهێناوە. ئەو دەستکاریکردن [لە ئەنجامەکاندا] و زانیارییە ناڕاستانەی کە لە سۆشیال میدیادا بڵاودەکرێنەوە و ڤیدیۆ مۆنتاژکراوەکان هەندێک لە نموونە هەرە دیارەکانن کە بە روونی پێشانیدەدەن هەڵبژاردنەکان دادپەروەرانە نین." 
 
ئاکن ئاماژەی بەوەشکرد کە، "دەنگدەرانی ئێمە بەبڕیارەوە سیاسەت و ئامانجەکانی پارتەکەمانیان لە باوەش گرتووە، و بە توندی ئیرادەی خۆیان بەو ئاراستەیە نیشانداوە. دەنگدان بەکەمال کڵچدارئۆغڵو لەو 16 پارێزگایەی کە کورد بە چڕی تێیدا نیشتەجێن، هەروەک 14ی ئایار بووە. سەرەڕای ئەو هەموو گوشار و پڕوپاگەندەی بۆگەن، گەلەکەمان هەنگاوێکی بۆ دواوە نەبرد." 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە