رووداو دیجیتاڵ
کەمال کڵچدارئۆغڵو لە گەڕی دووەمدا رکابەرێتی بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا دەکات.
لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا، پارکی کەمال کڵچدارئۆغڵو دەردەکەوێت کە دەکەوێتە گوندی نازمییەی سەر بە دێرسیمی باکووری کوردستان، ئەو گوندەی کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە ساڵی 1948 تێیدا لەدایکبووە. چەند مانگێکە کۆڵانەکانی نازمیە بە وێنەی کڵچدارئۆغڵو رازێندراونەتەوە.
برای کەمال کڵچدارئۆغڵو باس لەوە دەکات، "باوکم زوو کۆچی دوایی کرد، ئەوکات کەمال هێشتا نەببووە پەرلەمانتار. بەڵام دایکم هەر وای دەزانی پەرلەمانتارە و بەردەوام سەیری تەلەڤزیۆنی دەکرد. دەیگوت با کەمال ببینم. بەردەوام لە ئێمەی دەپرسی، کەمال کەی قسەدەکات؟"
کەمال کڵچدارئۆغڵو ئێستا سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری-جەهەپە یە، ئەو پارتەی مستەفا کەمال ئەتاتورک 9ی ئەیلوولی 1923 دایمەزراند.
کڵچدارئۆغڵو لە ساڵی 1971 کۆلێژی کارگێڕی و ئابووریی لە زانکۆی ئەنقەرە تەواوکردووە. لە ساڵی 1983 وەک بەڕێوەبەری گشتیی داهاتەکان و دواتریش بەڕێوەبەری گشتیی بیمەی تەندروستی لە نێو حکومەتی تورکیادا کاریکردووە.
هاوڕێکانی دەڵێن، جێی شانازییە کڵچدارئۆغڵو گەیشتووەتە ئەم پێگەیەی ئێستای. هاوڕێیەکی دەڵێت، "با پێنج ساڵیش ئەو تاقی بکەینەوە. دەیبینن! پەنا بەخوا هەمووان لێی رازی دەبن. چونکە پیاوێکی راستە."
کڵچدارئۆغڵو بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانی و سەرۆکایەتییەکەی ئەم مانگە، هاوپەیمانییەکی لە شەش پارتی ئۆپۆزسیۆن پێکهێنا و خۆی بووە بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆماریی تورکیا.
ئەو لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا سەرنجی لەسەر چەند خاڵێک بوو؛ وەک چارەسەری پرسی کورد، بەڵام وردەکارییەکەی نەخستەڕوو.
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە پێیوایە "چارەنووس تورک و کوردی کردووەتە برا. چارەنووس ئێمەی کۆکردووەتەوە و پێی گوتووین ببنە برا."
کڵچدارئۆغلو دەیزانی رکابەرایەتی ئەردۆغان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار ئاسان نییە؛ هەربۆیە هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگی هەدەپەی دا کە سێیەم فراکسیۆنی نێو پەرلەمانی تورکیایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ