رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی تورکیا فرۆشتنی شیری دایکی قەدەخە کرد، ئەوانەی پێشێلی بڕیارەکە بکەن بە 17 هەزار و 500 دۆلار سزا دەدرێن.
راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بازرگانیی تورکیا دەڵێت، فرۆشتنی شیری دایک و بەکارهێنانی بۆ بازرگانی و کۆکردنەوەی پارە، قەدەخەیە.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "شیری دایک گرنگیی زۆری بۆ گەشەکردنی تەندروستانەی کۆرپە هەیە و جێگرەوەی نییە. پێدانی شیرێک کە دڵنیایی لەسەر کوالێتییەکەی نییە، مەترسیی گەورە لەسەر تەندروستیی کۆرپە دروست دەکات."
لە کاتێکدا ماوەیەکە لە تورکیا و باکووری کوردستاندا فرۆشتنی شیری دایک لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بووەتە دیاردە، وەزارەتی بازرگانیی تورکیا دەڵێت، "لەم دواییانەدا وەزارەتەکەمان سکاڵا و زانیاریی جۆراوجۆری پێگەیشتووە. کەسانێک هەوڵدەدەن شیری دایک بکەنە کاڵایەکی بازرگانی و بیفرۆشن. ئەو کارەش لەڕێی پلاتفۆرمە جیاوازەکان، بەتایبەتییش فەیسبووک و ئینستاگرام دەکەن."
لە راگەیێندراوەکەدا کە فرۆشتنی شیری دایک قەدەخە کراوە، ئەوەش هاتووە، رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی گیراوەتەبەر و بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەستیپێکراوە.
حکومەتی تورکیا سزای پێبژاردنی 684 هەزار و 214 لیرە (نزیکەی 17 هەزار و 500 دۆلار)ی بۆ ئەو کەسانە داناوە کە شیری دایک دەفرۆشن یان ریکلامی بۆ دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ