ئەردۆغان لە ئازەربایجان بەشداری لە رێوڕەسمی کردنەوەی فڕۆکەخانەی لاچین کرد

28-05-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گەیشتە ئازەربایجان و لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجان بەشدارییان لە کردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی لاچین کرد.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان بە بۆنەی رۆژی سەربەخۆیی ئازەربایجان ئەمڕۆ چوارشەممە 28-5-2025 گەیشتە ئەو وڵاتە و لەلایەن ئیلهام عەلیەڤ پێشوازیی لێکرا.
 
ئەردۆغان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی لاچین نیشتەوە و لەلایەن عەلیێڤ پێشوازیی لێکرا. هەر لە چوارچێوەی پرۆگرامەکاندا هەردوو سەرۆککۆمار لە رێوڕەسمێکدا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی لاچینیان کردەوە. 
 
کلیلی سیمبولیی فڕۆکەخانەکە بە ئەردۆغان و عەلیەڤ درا و هەردووکیان وێنەیان بە کلیلەکان گرت؛ بەوجۆرە فڕۆکەخانەی لاچین بە فەرمی کارا کرا. 
 
شارى لاچين دەكەوێتە سەر سنوورى ئازەربايجان، بەهۆى ئەوەى تاكە رێگەى نێوان قەرەباخ و ئەرمينيايە و ناوى "رێرەوى لاچين"ی لێنراوە، رێگەيەكى ستراتيژييە. پێشتر بەشێکی زۆری دانیشتووانی کورد بوون.
 
لە نەوەدەکانی سەتەی رابردوو، لاچین يەكێك بوو لە يەكەمین ئامانجەكانى هێزەكانى ئەرمينيا و لە 18ـی ئايارى ساڵى 1992 کەوتە ژێردەستی ئەرمینیا. سەرەڕای هەموو هەوڵێک، سوپای ئازەربایجان نەیتوانی کۆنترۆڵی بکاتەوە.
 
ئازەربایجان ، دواى 28 ساڵ لە شەڕێکدا سوپای ئەرمینیای شکاند هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخی کۆنترۆڵ کرد.
 
سوپای ئازەربایجان رۆژی 1-12-2020 جارێکی دیکە گەڕایەوە نێو پارێزگاى لاچين. کشانەوەی سوپای ئەرمینیا لە چوارچێوەی رێککەوتنێک لەگەڵ ئازەربایجان بە نێوەندگیریی رووسیا کراو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە