رووداو دیجیتاڵ
پارتی داد و گەشەپێدان - ئاکپارتی رایگەیاند، رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ کۆنگرەی نائاسایی دەبەستێت و ژمارەیەک گۆڕانکاری دەکات.
لە کۆبوونەوەی ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی پارتی داد و گەشەپێدان - ئاکپارتی، کە دووشەممە 28-08-2023 بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا بەڕێوەچوو، بڕیاردرا رۆژی 07-10-2023 پارتەکە کۆنگرەی نائاسایی ببەستێت.
عومەر چەلیک، یاریدەدەری سەرۆکی گشتی و گوتەبێژی ئاکپارتی لەدوای کۆبوونەوەی ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی پارتەکەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی سازکرد. چەلیک باسی لەوە کرد، بڕیاری کۆنگرەی نائاسایی پارتەکەیان لەلایەن ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردن دراوە. هەروەها گوتی، "رۆژی 7ی تشرینی یەکەم هەڵسەنگاندنی گونجاو بۆ ئاکپارتی دەکرێت. ئەو پەیامانەش گرنگن کە لەو رۆژەدا لەلایەن سەرۆککۆمارمان دەدرێن."
چەلیک راشیگەیاند لە کۆبوونەوەکەیاندا هەڵبژاردنی شارەوانییەکان یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان بووە، "سەرۆکایەتییەکانی هەڵبژاردن ئامادەکارییەکانی خۆیان وەکو پلان خستە بەردەم ئەندامانی سەرکردایەتیی پارتەکەمان. هەروەها بەڕێز سەرۆکی گشتیمان و سەرۆککۆمارمان رێنوێنیی خۆیان بۆ ئامادەکارییەکان دەبێت."
پارتی داد و گەشەپێدان - ئاکپارتی 14-08-2001 لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان و ژمارەیەک لە هاوڕێکانیەوە دامەزرا. ئاکپارتی لەوەتەی دامەزراوە تاوەکو ئێستا جڵەوی دەسەڵاتی لەدەستە و لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ