وەرگێڕە باڵاپۆشەکەی ئەردۆغان کێیە و بۆچی زوو زوو دەبێتە رۆژەڤ؟

28-09-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجتاڵ

فاتما گولهام ئەبوساهاناب، ژنێکی گەنجی باڵاپۆشە و لە زۆربەی کۆبوونەوە و لووتکە گرنگەکاندا وەرگێڕانی ئینگلیزی-تورکی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەکات.
 
ئەبوساهاناب زۆر جار دەبێتە رۆژەڤ، بەتایبەتی کاتێک لە لووتکە گرنگەکانی جیهان دەردەکەوێ و وەرگێڕان بۆ ئەردۆغان دەکات.
 
فاتما گولهام کێیە؟
 
پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە و لە سەرۆکایەتیی کۆمار کاردەکات. 
 
وەرگێڕی فەرمیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیایە. 
 
چەندین بڕوانامەی لە وڵاتانی دەرەوە بەدەستهێناوە و لە زۆر دامەزراوەی جیهانی کاری کردووە.
 
ساڵی 2018 گەڕایەوە تورکیا و لە سەرۆکایەتیی کۆمار دەستبەکاربوو.
 
کچی مەروە کاڤاکچی، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی فەزیلەتە.
 
بەشێک لە دامەزراوە میدیاییەکانی تورکیا زۆر جار دەرکەوتنی ئەبوساهاناب وەک توانج و رەخنە دژی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بەکاردەهێنن، چونکە ساڵی 1999 رێگری لە دایکی کرا، بەهۆی ئەوەی باڵاپۆش بوو. 
 
دەرکردنی مەروە کاڤاکچی لە پەرلەمانی تورکیا
 
رۆژی 2ی ئایاری 1999 کاتێک مەروە کاڤاکچی وەک پەرلەمانتاری پارتی فەزیلەت بۆ سوێندخواردن چووە پەرلەمان، لەلایەن جەهەپە و پارتەکانی دیکەی دەسەڵاتەوە رەخنەی تووندی لێ گیرا. 
 
بولەنت ئەجەویت کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو، لە سەکۆی پەرلەمانەوە گوتاری پێشکێشکرد و گوتی: "لە تورکیادا هیچ کەسێک دەستوەردان لە بابەتی جلوبەرگ، ژیانی تایبەت و سەرپۆشی ژنان ناکات. بەڵام ئێرە شوێنی ژیانی تایبەتیی هیچ کەسێک نییە. ئێرە باڵاترین دامەزراوەی دەوڵەتە. ئەوانەی لێرە کاردەکەن دەبێ پابەندی رێسا و نەریتی دەوڵەت بن. ئێرە شوێنی رووبەڕووبوونەوەی دەوڵەت نییە. تکایە ئەم خانمە تەمبێ بکەن".
 
دوای ئەو گوتارەی ئەجەویت، پەرلەمانتارانی جەهەپە کۆبوونەوە و بە یەک دەنگ درووشمی "بۆ دەرەوە.. بۆ دەرەوە"یان دژی مەروە کاڤاکچی گوتەوە.
 
سەرۆکایەتیی پەرلەمان رێگەی نەدا مەروە کاڤاکچی سوێندی یاسایی بخوات و رایگەیاند: "هاتنی کاڤاکچی بە سەرپۆشەوە بۆ پەرلەمان، بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتە".
 
بەوجۆرە کاڤاکڵی لە پەرلەمان دەرکرا. دواتریش مافی پەرلەمانتاریی لێسەندرایەوە و هەوڵدرا وڵاتینامەی تورکیاشی لێ بسەنرێتەوە.
 
هەموو ئەمانە لەکاتێکدا بوون کە ئەوکات بەگوێرەی یاسا، سەرپۆش و باڵاپۆشی لە دام و دەزگاکانی دەوڵەتی تورکیادا قەدەخە بوو.
 
لە تورکیا قەدەخەی سەرپۆش هەڵگیرا
 
ئاکپارتی کە وەک پارتێکی ئیسلامی ساڵی 2002 دەسەڵاتی تورکیای وەرگرت، بە چەند قۆناخێک قەدەخەی سەر زۆر شتی هەڵگرت کە یەکێک لەوانە سەرپۆش بوو.
 
ساڵی 2010 لە زانکۆکانی تورکیادا بە بڕیاری دادگەی دەستووری و دەستەی خوێندنی باڵا، قەدەخە لەسەر سەرپۆش هەڵگیرا.
 
ساڵی 2013 لە رێگەی پاکێجی دیموکراسییەوە کە ئاکپارتی بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان ئامادەی کرد، قەدەخەی سەر سەرپۆش لە دام و دەزگاکانی دەوڵەتدا کۆتایی پێ هێندرا.   
 
ساڵی 2015 قەدەخەی سەرپۆش بۆ ژنانی دادوەر و داواکارانی گشتی هەڵگیرا.
 
ساڵی 2016 لە پۆلیس و 2017ـیش لە سوپای تورکیادا، ژنان ئازادکران لەوەی سەرپۆش دەکەن یان نایکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە