بەهۆی گرانکردنی نرخی شیر و گۆشت بەرپرسێکی تورکیا لەکار لادەدرێت

29-03-2022
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بڕیاربوو لە مانگی رەمەزاندا، لەسەر داوای رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا نرخی شیر، گۆشت و چەند بابەتێکی دیکەی خواردن هەرزان بکرێت، بەڵام بەرپرسێکی تورکیا بەهۆی بڕیاری گرانکردنی نرخی شیر و گۆشت لەکارلادرا. 
 
عوسمان ئوزون، بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی شیر و گۆشتی تورکیا لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی ئەوەی نرخی بەرهەمەکانی شیر و گۆشتی بەڕێژەی 48٪ گران کردبوو، بەبڕیاری واحید کیریشچی، وەزیری کشتوکاڵی تورکیا لەکارلادرا. 
 
هاونیشتمانیان لە تورکیا و باکووری کوردستان بەهۆی ئەوەی نرخی شیر و گۆشتی ئەو دامەزراوە فەرمییەی تورکیا لە نرخی فرۆشگەکان و بازاڕەکان هەرزانتر بوو، بەردەوام لە لقەکانی ئەو دامەزراوەیەدا پێداویستییەکانیان لە شیر و گۆشت دەکڕی. هەر بەهۆی هەرزان بوونی نرخەکانیشییەوە بەردەوام هاونیشتمانیان نۆرەی زۆریان دەگرت تاوەکو نۆرەیان دەگەیشت، بەپێی پێداویستییەکانیان لە گۆشت و شیر دەکڕی. 
 
عوسمان ئوزون خواستی زۆری هاونیشتمانیانی لەسەر بەرهەمەکانی دامەزراوەکەی قۆستبووەوە و گوتبووی، "بەهۆی ئەوەی خەڵک بەردەوام قەرەباڵخی دروستدەکەن و نۆرەی زۆر دەگرن، ئێمەش بڕیارماندا بەگرانکردنی بەرهەمەکان بەڕێژەی 48٪. بەهۆی ئەم بڕیارەوە خەڵک ناڕەزایەتییەکی زۆریان دەربڕی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. کار گەیشتە ئەوەی گاڵتەیان بە بەرپرسانی دەوڵەت و حکومەتی ئاکپارتی دەکرد بەوەی کەسی شیاو لە شوێنی شیاو دانانێن". 
 
ئەو بڕیارەی بەڕێوەبەرە گشتییە لەکارلادراوەکە رۆژێک دوای داواکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان هات، کە لەکاتی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ژمارەیەک جووتیار لە پارێزگای تۆکات لە هەرێمی دەریای رەش گوتبووی، "وەزیرە پەیوەندیدارەکان رادەسپێرم لە مانگی رەمەزاندا کار بکەن بۆ هەرزانکردنی گۆشت و بابەتە خۆراکییەکانی دیکە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە