رووداو دیجیتاڵ
کڵچدارئۆغڵو رایگەیاندووە، رۆژی چوارشەممە 29-3-2023 سەردانی بارەگای پارتی مەملەکەت دەکات و لەگەڵ موحەڕەم ئینجە کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی هەواڵێک کە لە میدیای تورکیادا بڵاوکراوەتەوە، ئەمڕۆ کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە و موحەڕەم ئینجە، سەرۆکی گشتیی پارتی مەملەکەت کە هەردووکیان بەربژێری پەسندکراون بۆ پۆستی سەرۆککۆماریی تورکیا کۆدەبنەوە.
بەپێی ئەو راگەیێندراوە، کڵچدارئۆغڵو گوتوویەتی، سەردانی بارەگای پارتی مەملەکەت دەکات و لەگەڵ موحەڕەم ئینجە کۆدەبنەوە.
موحەڕەم ئینجە لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2018 بەربژێری جەهەپە بوو بۆ پۆستی سەرۆککۆماریی تورکیا و ئەمجارەش لەسەر پارتی مەملەکەت خۆی بەربژێرکردووە. ئەمە دووەمجارە ئینجە خۆی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر دەکات.
ئێستا لە تورکیادا بە فەرمی چوار بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆماریی تورکیا لەلایەن دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە پەسندکراون، کە ئەوانیش: رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور؛ کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت؛ موحەڕەم ئینجە، بەربژێری پارتی مەملەکەت و سینان ئۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی ئاتا.
موحەڕەم ئینجە لە جەهەپە جیابووەوە و پارتی مەملەکەتی دامەزراند. بەربژێربوونی ئەو کەسایەتییە کە ساڵانێک پەرلەمانتاری جەهەپە بووە و بەربژێرکراوە بۆ باڵاترین پۆستی وڵاتەکە، بووەتە جێی نیگەرانیی بەرپرسانی جەهەپە. ئەوان لەو باوەڕەدان زۆربەی ئەوانەی دەنگی پێدەدەن جەماوەری جەهەپەن، ئەمەش لەوانەیە ئاستەنگ بۆ سەرکەوتنی کڵچدارئۆغڵو دروستبکات و هیچ نەبێت هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بباتە خولی دووەم. هەر بۆیە هەوڵدەدەن موحەڕەم ئینجە رازی بکەن و بۆ ئەم مەبەستەش دانوستانی لەگەڵدا دەکەن.
موحەڕەم ئینجە کێیە؟
- 4ی ئایاری 1964 لەدایکبووە.
- خوێندنی بنەڕەتی و دواناوەندیی لە پارێزگای یاڵۆڤا تەواوکردووە.
- بەشی فیزیای لە زانکۆی باڵیکەسیر تەواوکردووە.
- مامۆستای فیزیا بووە.
- ساڵی 2002 بە پەرلەمانتاری جەهەپە هەڵبژێردرا.
- ساڵی 2007 جارێکی دیکە هەڵبژێردرایەوە.
- ساڵی 2015 وەکو پەرلەمانتاری جەهەپە بۆ سێیەم جار هەڵبژێردرایەوە.
- ساڵی 2018 بەربژێری جەهەپە بوو بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، بەڵام دەرنەچوو.
- 8ی شوباتی 2021 بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە جەهەپە راگەیاند.
- 17ی ئایاری 2021 پارتێکی نوێی بەناوی "مەملەکەت" راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ