رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری- جەهەپە رایگەیاند، ئەگەر ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سزا بدرێت، ئەوا سیستمی پەرلەمانی دوای هەڵبژاردن دەگەڕێتەوە، مەنسوور یاڤاش دەبێتە سەرۆککۆمار و ئیمامئۆغڵوش دەبێتە سەرۆکوەزیران.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە رۆژی دووشەممە 28ـی نیسانی 2025 باسی ئەگەری سزادانی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و بژاردەکانی بەردەم جەهەپەی کرد و گوتی، ئەگەر دەستبەسەرکردنی ئیمامئۆغڵو بەردەوام بێت، ئەوا بەربژێری پارتەکەیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەگۆڕن.
ئۆزەل گوتی: "ئەگەر دوای ئەم پرۆسەیە ئیمامئۆغڵو هەر لە زینداندا بمێنێتەوە، ئێمە وەک جەهەپە ناوەستین، من سواری پاسەکە دەبم، لە هەمان کاتدا مەنسور یاڤاش لە شارێکی دیکە دەبێت. بریکارەکانی سەرۆکی فراکسیۆنەکەمان و پەرلەمانتارەکانمان لە شارەکانی دیکە دەبن. ئێمە درێژە بە پرۆسەکە دەدەین. با ئیمامئۆغڵو لە سیلیڤری دەستگیر بکرێت و قەدەخە بکرێت، ئێمە بە 70٪ی دەنگەکان لە هەڵبژاردنەکاندا سەردەکەوین و زۆرینەی پەرلەمان بەدەست دەهێنین".
سەرۆکی جەهەپە ئاماژەی بەوەدا دوای ئەوەی لە پەرلەمان زۆرینەیان بەدەستهێنا، لە ماوەی 15 رۆژدا دەستوور دەگۆڕن و ئیمامئۆغڵو دێتە دەرەوە، سوێندی یاسایی دەخوات و دەست بە ئەرکەکانی دەکات.
ئۆزەل گوتی: "ئامادەکارییەکان بۆ بەهێزکردنی سیستمی پەرلەمانی بە جۆش و خرۆش و خێراییەکی زۆرەوە دەکرێن. سەرۆکێک هەڵدەبژێردرێت، یاڤاش دەبێتە سەرۆککۆمار، ئیمامئۆغڵو دەبێتە سەرۆکوەزیران. ئەو وەک سەرۆککۆمارێک کە سوود بەم پرۆسەیە بگەیێنێت، دەبێتە کەسایەتییەک (پاڵەوان) لە دڵی میللەتدا".
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و بەربژێری جەهەپە بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لە 19ـی ئاداری ئەم ساڵ بە تۆمەتی "هاوکاریکردنی پەکەکە و گەندەڵی" دەستگیرکرا. دواتر لە 23ی ئاداردا بە بڕیاری دادگە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
دوای دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو، جەهەپە لە ژمارەیەک شاری تورکیا، خۆپێشاندانی کرد. ژمارەیەکی زۆر خۆپێشاندەر بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکاندا دەستگیرکران.
مەنسور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەنقەرەی جەهەپە لە کاتی خۆپێشاندانەکانی ئیستەنبووڵ سوکایەتی بە ئاڵای کوردستان کرد و بە "پارچە پەڕۆ" ناوی برد. ئەمەش ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتەوە.
سەرۆکی جەهەپە رۆژی یەکشەممە 23ـی ئادار دوای ئەوەی خەڵکی رێگەیان نەدا پەیامەکەی لە نەورۆزی ئیستەنبووڵ بخوێندرێتەوە، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ داوای لێبووردنی لە گەلی کورد کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ