رووداو دیجیتاڵ
موحەڕەم ئینجە، بەربژێری پاشەکشەکردووی پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا لە تویتێکدا پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد بە بۆنەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا.
لە تویتەکەیدا کە شەوی رابردوو کردی، موحەڕەم ئینجە، سەرۆکی گشتیی پارتی مەملەکەت، هیوای خواست هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ تورکیا و رایگەیاند، "پیرۆزبایی لە بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەم کە بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، وەک سەرۆککۆمار هەڵبژێردراوە. هەروەها خوازیاری ئاسانکارییم بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی وڵات کە وەکو شاخ بەسەر یەکەوە کەڵەکە بوون".
ئینجە، بەربژێری پارتی مەملەکەت بوو بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا و پێش هەڵبژاردن، کشانەوەی خۆی راگەیاند، بەڵام لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا کە رۆژی 14ـی مانگ بەڕێوەچوو، وێنە و ناوی لەسەر پسووڵەی دەنگدان هەبوو و 0.43٪ـی دەنگەکانی هێنا، کە 236 هەزار و 97 دەنگ بوو؛ هەروەها پارتی مەملەکەت 0.92٪ـی دەنگەکانی بردەوە، کە 502 هەزار و 802 دەنگ بوو. پارتەکەی موحەڕەم ئینجە هیچ کورسییەکی لە پەرلەمان بەدەستنەهێنا.
تویتەکە لە کاتێکدایە رۆژی 28ـی مانگ، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بەڕێوەچوو و ئەردۆغان سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بووەوە سەرۆککۆمار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ