رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری پارێزگای ئیستەنبووڵ، پێش رێپێوانی هاوڕەگەزخوازان کە بڕیارە ئەمڕۆ بکرێت، هەندێک لە وێستگە و هێڵەکانی میترۆی شارەکە دادەخرێن.
میترۆی ئیستەنبووڵ ئەمرۆ یەکشەممە 29ـی حوزەیرانی 2025 رایگەیاند، بەپێی ئەو بڕیارەی پارێزگای ئیستەنبووڵ داویەتی لە کاژێر 08:00ـی بەیانی رۆژی یەکشەمە تاوەکو راگەیێندراوێکی دیکە، هەندێک لە وێستگەکانی هێڵەکانی میترۆی یەنیکاپی-حاجی عوسمان و یڵدز- مەحمودبەی، هەروەها هێڵی فونیکولەری تەقسیم- کاباتاش دادەخرێن.
سەرەتا بڕیاربوو ئەو هێڵانە لە کاژێر 10:00ـەوە دابخرێن، بەڵام کاتی داخستنی وێستگەکانی میترۆ بۆ کاژێر 08:00 گۆڕدرا.
بەپێی راگەیێندراوێک کە لە هەژمارە فەرمییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی میترۆ ئیستەنبووڵ بڵاوکراوەتەوە، ئامانجەی داخستنەکە "پاراستنی ئاسایش و ئارامی گشتییە."
میترۆ ئیستەنبووڵ رایگەیاندووە، لە هێڵی M2 شەمەندەفەرەکان لە وێستگەکانی تەقسیم و شیشهانە بەبێ وەستان لە گەشتەکانیان بەردەوام دەبن، لە هێڵی M7 جگە لە وێستگەکانی یڵدز و فولیا، گەشتەکانی هێڵەکە بەردەوام دەبن.
لە ساڵی 2003ـەوە لە ئیستەنبووڵ لە "هەفتەی شانازی"دا هاوڕەگەزخوازان رێپێوان دەکەن؛ حکومەتی تورکیا لە 2014 ـەوە رێگری لەو رێپێوانە دەکات.
لە تورکیا ئامارێکی فەرمی لەبارەی گرووپەکانی هاوڕەگەزخوازان بەردەست نییە. بەڵام ماوە ماوە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە دەکرێنە ئامانج. سەرۆککۆماری تورکیا لە 2021دا رایگەیاند، لە تورکیا شتێک بە ناوی هاوڕەگەزخوازی نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ