رووداو دیجیتاڵ
لە شەش پارێزگای تورکیا ئۆپەراسیۆنێک کرا و بە تۆمەتی "گەندەڵی لە تەندەردا" 20 کەس دەستبەسەر کران.
هێزە ئەمنییەکان بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 29 ـی تەمموزی 2025 لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ کە فەرمانی گرتنی بۆ 25 کەس دەرکردووە، لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، ئانتاڵیا، چاناککالە، ترابزۆن، بورسا و گیرەسونی تورکیا ئۆپەراسیۆنیان کرد.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ کرا لەو 25 کەسە کە بە تۆمەتی "وەرگرتن و پێدانی بەرتیل و ساختەکاری لە تەندەرەکاندا" فەرمانی گرتنیان بۆ دەرکرابوو 20 ـیان دەستبەسەرکران.
ئۆپەراسیۆنەکە، بۆ دەستبەسەرکردنی پێنج داواکراوەکەی دیکە بەردەوامە.
دوای هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31ـی ئاداری 2024، کە تێیدا جەهەپە بووە پارتی یەکەم، تائێستا بە تۆمەتی "گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل" ئۆپەراسیۆن کراوەتە سەر 17 شارەوانیی ئەو پارتە.
کۆی گشتیی 17 سەرۆکشارەوانیی جەهەپە دەستگیر کراون، کە یەکێکیان ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵە.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و بەربژێری جەهەپە بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لە 19ـی ئاداری ئەمساڵ بە تۆمەتی "هاوکاریکردنی پەکەکە و گەندەڵی" دەستگیرکرا. دواتر لە 23 ـی ئاداردا بە بڕیاری دادگە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
دوای دوورخستنەوەی ئیمامئۆغڵو لە پۆستەکەی، قەییوم بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دانەنرا، رۆژی 26ـی ئادار لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەوانیدا جێگرەوەیەک بۆ پۆستەکەی ئیمامئۆغلو هەڵبژێردرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ