وەزارەتی پەروەردەی تورکیا: لە ساڵی 2014ـەوە 200 مامۆستای کوردی دامەزرێندراون

29-08-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، لەنێوان ساڵانی 2014-2025 ـدا 200 مامۆستای کوردی دامەزرێندراون.
 
یوسف تەکین، وەزیری پەروەردەی تورکیا لە وەڵامی بۆ پرسیاری پەرلەمانتاراندا رایگەیاند، لە مامۆستایانەی دامەزرێندراون 153یان بۆ شێوەزاری کرمانجی و 47 مامۆستاش بۆ شێوەزاری کرمانجکی (زازاکی) دامەزرێندراون.
 
گولجان کاچماز ساییغیت، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بازنەی وان، پرسیارێکی ئاراستەی یوسف تەکین، وەزیری پەروەردەی تورکیا کرد سەبارەت بە وانەکانی "زمان و شێوەزارە زیندووەکان" کە لە قوتابخانەکاندا دەگوترێنەوە. 
 
پرسیارەکەی ساییغیت، لەبارەی دوایین دۆخی وانەکانی زمانی کوردی بوو دوای ئەو گۆڕانکارییانەی لە ساڵی خوێندنی 2012-2013 لە پرۆگرامی خوێندندا کران. 
 
لە وەڵامی پرسیارەکەدا رایگەیاند، لە ساڵی خوێندنی 2024-2025 لە 196 قوتابخانەی فەرمیی سەر بە وەزارەتەکەیان، 27 هەزار و 15 قوتابی وانەی بژاردەی کوردی شێوەزاری (کرمانجی)ـیان هەڵبژاردووە. هەروەها لە 30 قوتابخانەدا سێ هەزار و 510 قوتابی وانەی بژاردەی کوردی شێوەزاری کرمانجکی (زازاکی)ـیان هەڵبژاردووە. 
 
لە سیستمی پەروەردەی تورکیادا، تورکی تاکە زمانی فەرمیی خوێندنە. لە ساڵی 2012ـەوە زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێ.
 
بەپێی ئەو داتایانەی لە مانگی ئایاری ئەم ساڵدا بڵاوکراونەتەوە، لە باکووری کوردستان و تورکیا بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026، 50 هەزار و 809 خوێندکار وانەی کرمانجی و هەشت هەزار و 563 خوێندکار وانەی کرمانجکییان هەڵبژاردووە. بە گشتی 59 هەزار و 362 خوێندکار وانەی کوردییان هەڵبژاردووە. 
 
بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، لە هەر قوتابخانەیەکدا ئەگەر لە هەر پۆلێکی 5-6-7 و 8دا 10 قوتابی داوای وانەی بژاردەی کوردی بکەن، مامۆستایەکی کوردییان بۆ دادەمەزرێندرێت، بەڵام لە زۆربەی قوتابخانەکاندا بە پاساوی ئەوەی ژمارەی ئەو قوتابیانەی وانەی کوردییان هەڵبژاردووە ناگاتە 10 قوتابی، وانەی کوردی ناگوترێتەوە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو