نوعمان کورتوڵموش: پێویستە پەکەکە پرۆسەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی خۆی خێراتر بکات

29-08-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەڵێ، ئیمڕاڵی گوتی دەبێت هەموو رێکخستنەکانی پەکەکە چەک دانێن، بۆیە پێویستە "رێکخستن" پرۆسەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی خۆی خێراتر بکات.
 
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کە ئەمڕۆ هەینی 29ی ئابی 2025 لە ئەنقەرە میوانی دێسکی ئێدیتۆرانی ئاژانسی ئانادۆڵو بوو، لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و ئەو لیژنەیەی لە پەرلەمانی تورکیا بۆ ئەو مەبەستە پێکهێنراوە گوتی: "ئەمە لیژنەیەک نییە بۆ ئامادەکردنی دەستوور. لێرە یاسا و دەستوور ئامادە ناکرێت. ئەوەی دەکرێت بکرێت، ئامادە دەکرێت و بۆ پەرلەمانی تورکیا دەنێردرێت".
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بە کۆبوونەوەکانی داهاتووی لیژنەی پاڵپشتی نیشتمانی و دیموکراسی و دادپەروەری دا گوتی: "لە ماوەی داهاتوودا نوێنەرانی جیهانی کار و سەندیکاکان بەشداری دەکەن. ئەو ناوانەی کە زۆرینەی بەرچاوی لیژنەکە پێشنیازیان کردووە بانگهێشتیان دەکەین".
 
سەبارەت بە وادەی تەواوبوونی کارەکانی لیژنەکە، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتی: "لە سەرەتای دامەزراندنی لیژنەکەدا بڕیارمان دا، 31ی کانوونی یەکەمی 2025 کارەکانی لیژنەکە کۆتایی پێبهێنرێت. ئەگەر پێویست بکات، دەتوانرێت دوو مانگ درێژ بکرێتەوە".
 
کوتوڵموش گوتی: "لە ماوەی داهاتوودا گوێ لە هەندێک لە بنەماڵەی شەهیدان، کەمئەندامانی جەنگ و یەکە ئەمنییە جیاوازەکان دەگرین کە نەمانتوانیوە گوێیان لێبگرین و داواکارییەکانیان وەردەگرین".
 
نوعمان کورتوڵموش رەتیکردەوە لە کۆبوونەوەکانی لیژنەکە داواکاری وەکو ئۆتۆنۆمی، سەربەخۆیی، هەرێمێکی جیاواز، یان بە فەرمیبوونی زمانی کوردی کرابێت.
 
سەبارەت بەو رەخنانەی لە بەکارهێنانی دەستەواژەی تورکیای بێ تیرۆر دەگیرێت، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتی: "تورکیایەکی بێ تیرۆر هیچ شێوەیەک پرسێکی کەسی یان پڕوپاگەندەی سیاسی نییە. ئەگەر لەم بابەتەدا سەرکەوین، هەموومان پێکەوە سەردەکەوین. ئەمە کارێکی خێرە. پێویستە ئەم کارە هەرچی زووترە تەواو بکرێت، بۆ ئەمەش پێویستە رێکخراوەکە [پەکەکە] بەپەلە پرۆسەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی خۆی خێراتر بکات."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو