سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: کۆبوونەوەی لیژنەکەمان لەگەڵ دایکانی شەممە و دایکانی ئاشتی پڕ واتا بوو

29-08-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، رایگەیاند، کۆمیسیۆنی "پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" کە بۆ پرۆژەی "تورکیای بێ تیرۆر" دامەزراوە، تا 31ی کانوونی یەکەمی 2025 کارەکانی بەردەوام دەبێت و ئەگەر پێویستی کرد دوو مانگی دیکە درێژ دەکرێتەوە.
 
کورتوڵموش لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "مێزی سەرنووسەران"ی ئاژانسی ئانادۆڵو، وەڵامی پرسیارەکانی تایبەت بە رۆژەڤی تورکیای دایەوە. 
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بەوەدا، کۆمیسیۆنەکە بە ئامانجی ئەوە دامەزراوە کە "دەرفەتی مێژوویی تورکیا بەگوێرەی چاوەڕوانییەکانی گەل کۆتایی پێبێت و پرۆسەکە لەلایەن نوێنەرانی گەلەوە بە چاوێکی سیاسییەوە بەڕێوەبچێت."
 
"ئەم کۆمیسیۆنە بۆ ئامادەکردنی دەستوور نییە"
 
کورتوڵموش جەختی لەوە کردەوە کە کۆمیسیۆنەکە خاوەنی نوێنەرایەتییەکی فراوانە و تەنیا یەک پارت بەشداری تێدا نەکردووە، بەڵکو بڕیارەکانیشی بە کۆدەنگی دەدرێن.
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا باسی ئامانجی دامەزراندنی کۆمیسیۆنەکە دەکات: "ئەم کۆمیسیۆنە توانای چارەسەرکردنی هەموو کێشە کەڵەکەبووەکانی تورکیای نییە. ئەمە کۆمیسیۆنێک نییە بە دەسەڵاتی نائاسایی رێکخرابێت. لە بنەڕەتدا، بە راگەیاندنەکەی ئیمراڵی و دواتر بڕیاری رێکخراوەکە بۆ هەڵوەشانەوە و دەستپێکردنی دانانی چەک بە شێوەیەکی سیمبولیک، بۆ ئەوەی هەندێک رێکاری پێویست بۆ پرۆسەکە هەبن، پێویست بە کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان هەبوو. ئەم کۆمیسیۆنە بۆ ئەو مەبەستە دامەزرا."
 
نوعمان کورتوڵموش رەتیکردەوە پێکهێنانی ئەو لیژنەیەکی پەرلەمان پەیوەندی بەنووسینەوەی دەستوورەوە هەبێت و گوتی: "ئەمە لیژنەیەک نییە دەستوور ئامادە بکات. واتە وەک لیژنە یاساییەکان و پسپۆڕییەکانی دیکە نییە. لێرە یاسا ئامادە ناکرێت، دەستوور ئامادە ناکرێت. پێشنیازەکان سەبارەت بەوەی چی دەکرێت، ئامادە دەکرێن و بۆ پەرلەمان دەنێردرێن."
 
هەڵبژاردنی ناو و میکانیزمی بڕیاردان
 
''لیژنەی پاڵپشتی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی'' لەسەر پێشنیازی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری پێکهێندرا.
 
لیژنەکە تاوەکو ئیستا حەوت جار لەگەڵ چین و توێژەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووەتەوە، لە دوایین کۆبوونەوەیدا لە 28ی ئەم مانگە میوانداری سەرۆکەکانی پێشووی پەرلەمانی تورکیای کرد.
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتی: "دەیان پێشنیازی هەبوو. لەوانە هاوپشتی نیشتمانی، واتا بەهۆی ئەم بابەتەوە جارێکی دیکە برایەتیی هەتاهەتایی خۆمان بیردەهێنینەوە. هەروەها برایەتی، بێگومان، راستيیەکە کە ئێمە پێویستیمان پێیەتی و دەبێت هەمیشە هەستەکانی زیاتر بکەین. ئەمەشمان وەک جەختکردنەوەیەک دانا. بۆ باشترکردنی ستانداردە دیموکراسییەکانی تورکیا، پێشنیاز و بۆچوونەکان لەم کۆمیسیۆنەدا دەخرێنەڕوو و لە کۆتایی ئەم گفتوگۆیانەشدا، کۆمیسیۆن بڕیارەکانی خۆی بە شێوەیەک بۆ کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمانی تورکیا دەنێرێت."
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا راشیگەیاند، بڕیارەکانی کۆمیسیۆنەکە دەبێت بە زۆرینەی 3 لە 5 دەنگی ئەندامان پەسند بکرێن و گوتی: "سوپاس بۆ خودا، وەک باسم کرد، بڕیارەکانمان هەمیشە بە کۆدەنگی و زیاتر لە 3 لە 5 دەنگ وەرگیراون و تاوەکو ئەمڕۆش هەر وا بووە."
 
کێ بانگهێشت دەکەن؟
 
کۆمیسیۆنەکە تاوەکو ئێستا میوانداریی وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ، سەرۆکی دەزگای میت، دایکانی ئاشتی، دایکانی شەممە، سەندیکاکانی پارێزەران و سەرۆکەکانی پێشووی پەرلەمانی کردووە.
 
سەبارەت بەوەی ناوی کەسایەتییە بانگهێشتکراوەکان بۆ کۆمیسیۆنەکە چۆن دیاریکراون، کورتوڵموش گوتی: "لێرەشدا رێگەیەکی فرە بەشداریمان گرتەبەر. لە هەموو گرووپەکانی پارتە سیاسییەکان و هاوڕێیانمان کە ئەندامی ئەم کۆمیسیۆنەن و گرووپیان نییە، داوامان کرد ناوەکان پێشنیاز بکەن. دوێنێ شەو جارێکی دیکە سەیری لیستی کۆتاییم کرد. 491 ناو، واتا ناوی کەسایەتی و رێکخراو، پێشنیاز کرابوون."
 
کورتوڵموش باسی لەوەش کرد کە ناتوانن گوێ لە هەموویان بگرن، بەڵام "هەوڵدەدەین لیستێک دروست بکەین و، با بڵێین، لە ماوەی داهاتوودا نوێنەرانی جیهانی بازرگانی، نوێنەرانی سەندیکاکان بەشدار دەبن، لەوێش ناوی سەرەکیی ئەو کەسانە بانگهێشت دەکەین کە زۆرینەی کۆمیسیۆنەکە پێشنیازیان کردووە."
 
دایکانی ئاشتی بریتییە لە زاراوەیەک بۆ دایکانی گەریلاکان و لە ساڵی 1999 وەک دەستپێشخەرییەک بۆ راگرتنی شەڕ دامەزرا. 
 
دایکانی شەممە لە 1996ـەوە رۆژانی شەممە لە گۆڕەپانی گەڵەتەسەڕای لە ئیستەنبووڵ کۆدەبنەوە و دایکی ئەو کەسە بێسەروشوێنانەن لە رووداوەکانی بکوژی نادیار رۆڵەکانیان لەدەستداوە. دایکانی ئامەد لە 2019ـەوە لەبەردەم بارەگای هەدەپە لە ئامەد کۆدەبنەوە و دایکی ئەو گەریلایانەن دەڵێن پەکەکە رۆڵەکانی رفاندوون.

 

"با چیدی دایکان نەگرین"
 
نوعمان کورتولمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، باسی کۆبوونەوەی لیژنەکەی کرد لەگەڵ کەسوکاری شەهیدان و برینداران و گوتی: "یەکێک لە بریندارەکان چاوە دەستکردەکەی خۆی دەرهێنا. ئەو بریندار ببوو و چاوێکی لەدەست دابوو. چاوەکە خستە ناو دەستی و گوتی: 'چاوێکم لە دەستداوە، چاوەکەی دیکەشم بەهۆی گریانم بۆ برا شەهیدەکەم 40-45% دەبینێت. من کەسێکم کە هێندە باجم داوە. ئامادەم گیانی خۆم لەپێناو وڵاتدا بەخت بکەم، بەڵام دەمەوێت ئەم کارە کۆتایی پێ بێت. با لەم وڵاتەدا هیچ دایکێک نەگری، با چیدی هیچ کەسێک گیانی لەدەست نەدات."
 
هەروەها باسی لە قسەی یەکێک لە دایکانی ئاشتی کرد و گوتی: "ئەو دایکە پێیگوتین، پێویستە ئیتر لەم وڵاتەدا منداڵەکانمان نەشارینەوە، بەڵکو چەکەکان بشارینەوە." 
 
کورتوڵموش ئاماژەی بەوەدا کە خاڵی هاوبەش کە لایەنە جیاوازەکان لەسەری کۆکن، بریتییە لە مسۆگەرکردنی ئاشتی، سەقامگیری و ئارامی لە تورکیا. گوتیشی: "چەک بێدەنگ بێت. تیرۆر کۆتایی بێت. چیدی هیچ کەسێک لەژێر گوشاری چەکدا نەمێنێت. پێموایە هەموو ئەمانە زۆر گرنگن."
 
سەرۆکی پەرلەمان باسی لەوەش کرد کە کەسێک بە ناوی "دایکانى شەممە" گوتارێکی زۆر هەستبزوێنی پێشکەش کردووە، باسی باوکی کردووە کە چۆن باوکی لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە ئەڤجیلار لە ئیستانبوڵ بە ئۆتۆمبێلێکی تۆرۆسی سپی رفێندراوە و ئەو 30 ساڵە هێشتا بەدوای ئەو ئۆتۆمبێلەدا دەگەڕێت، ئێسک و پروسکی باوکیشی نەدۆزراوەتەوە، دیار نییە کە ئایا زیندووە یان مردووە. 
 
کورتوڵموش گوتی: "کاتێک ئەم شتانەی دەوت زۆر هەستبزوێن بوو و دەگریا. هەموو ئەندامانی کۆمیسیۆنەکەش لە دۆخێکی هەستیاری قورسدا بوون. ئەم دانیشتنە بۆ ئێمە پڕ واتا بوو، مانای ئەوە بوو، کە ئیدی ئازارەکان وەلا بنێین، با پێکەوە وڵاتێک دروست بکەین کە تێیدا ئاشتی و ئارامی هەبێت."
 
"پێویستە کارەکانی کۆمیسیۆنەکە بە زووترین کات کۆتایی بێت"
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بە کۆبوونەوەکانی داهاتووی لیژنەی پاڵپشتی نیشتمانی و دیموکراسی و دادپەروەری دا گوتی: "لە ماوەی داهاتوودا نوێنەرانی جیهانی کار و سەندیکاکان بەشداری دەکەن. ئەو ناوانەی کە زۆرینەی بەرچاوی لیژنەکە پێشنیازیان کردووە بانگهێشتیان دەکەین".
 
سەبارەت بە وادەی تەواوبوونی کارەکانی لیژنەکە، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتی: "لە سەرەتای دامەزراندنی لیژنەکەدا بڕیارمان دا، 31 ـی کانوونی یەکەمی 2025دا کارەکانی لیژنەکە کۆتایی پێبهێنرێت. ئەگەر پێویست بکات، دەتوانرێت دوو مانگ درێژ بکرێتەوە".
 
کوتوڵموش گوتی: "لە ماوەی داهاتوودا گوێ لە هەندێک لە بنەماڵەی شەهیدان، کەمئەندامانی جەنگ و یەکە ئەمنییە جیاوازەکان دەگرین کە نەمانتوانیوە گوێیان لێبگرین و داواکارییەکانیان وەردەگرین".
 
"کوردی سووریا خزمەتی ئامانجەکانی ئیسرائیل ناکەن"
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لەبارەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە گوتی، پێویستە هەموو رێکخراوەکانی سەر بە پەکەکە ئەو بڕیارە بدەن و هەسەدەش پێویستە بەگوێرەی رێککەوتنی 10 ـی ئادار بجووڵێتەوە.
 
10ی ئاداری ئەم ساڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا رێککەوتنێکیان واژۆ کرد، بە گوێرەی رێککەوتنەکە هەسەدە دەبێتە بەشێک لە سوپای سووریا، بەڵام رێککەوتنەکە تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتی: "ئێمە چاوەڕێین ئەو رێککەوتننامەیە جێبەجێ بکرێت. من باوەڕم وایە پێکهاتەکانی دیکە و کوردیش خزمەتی ئامانجەکانی ئیسرائیل ناکەن."
 
کورتوڵموش ئاماژەی بەوەدا، ئیسرائیل دەیەوێت لە ناوچەکەدا دابەشبوون دروست بکات و پێویستە لە سەرووی هەموویانەوە کورد و هەموو خەڵکی سووریا، سەروەریی خاکی سووریا بپارێزن.
 
کورتوڵموش گوتی: "دۆخێکی نوێ هەیە و بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، ئەم دۆخە بۆ تورکیاش بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە. لەبەرئەوەش، پێویستە تورکیا بۆ نەهێشتنی جیاوازیی نێوان پێکهاتە ئیتنییەکان رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر. رێگەی ئەوەش بە ئاشتی و برایەتیدا تێدەپەڕێت."
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە