رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی شەممە 29-11-2025 بەشداری لە رێوڕەسمی "خەڵاتەکانی بڵاوکردنەوەی زانست" لە ناوەندی رۆشنبیریی ئەتاتورک کرد.
سەرۆککۆماری تورکیا باسی پرۆسەی چارەسەریی کرد و گوتی: "تورکیا چووەتە رێگەیەکی باشەوە. ئێمە زۆر باش دەزانین هەوڵەکانمان بۆ تێکدانی پیلانێکی نیو سەدەیی، چ هێزێک نیگەران دەکات کە نان بە خوێن و فرمێسک و شەڕەوە دەخۆن. تەنیا ئەمەیان پێ دەڵێم: ئەمجارە سەرکەوتوو نابن. بە یارمەتیی خوا و نزای گەلە ئازیزەکەمان، پەنا بەخوا ئەمجارە سەردەکەوین. هەموومان بەیەکەوە سەردەکەوین."
ئەردۆغان هەروەها جەختیکردەوە کە تورکیای بەهێز، متمانەپێکراو و سەرکەوتوو لە قسەوە دەکەنە کردار وگوتی: "بە 86 ملیۆنەوە، هەروەها بەو 10 ملیۆنەشەوە کە خۆیان بە بەشێک لەم خاکە دەزانن و دەیانخەینە پاڵ خۆمان، هەموومان بەیەکەوە دەست بە نووسینەوەی داستانێکی نوێ دەکەین."
ئەردۆغان: لەم پرۆسەیەدا تەواو پێداگرین
ئەردۆغان باسی لەوە کرد، بەرەو ئەم ئاسۆیە بەبێ ئەوەی ئاوڕ لەوانە بدەنەوە کە دنەیان دەدەن، بێئەوەی بکەونە تەڵەی ئەوانەوە، بە ئارامی، دڵسۆزی، وریا و بە متمانەبەخۆبوونەوە هەنگاو دەنێن.
سەبارەت بە دوایین هەنگاوەکانی پرۆسەکە گوتی: "لە ئێستاوە دەتوانین ئەوە ببینین کە تاوەکو لە ئامانجەکە نزیک ببینەوە، کاری تێکدەرانە، هەوڵەکانی بەلارێدابردنی رای گشتی، ئۆپەراسیۆنەکانی میدیا، چالاکیی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ لادانی پرۆسەکە لە رێڕەوی خۆی زیاتر دەبن."
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەمجارە بەسەر ئەمانەشدا زاڵ دەبن و سەردەکەون. هاوکات پێداگریی دەوڵەت و هاوپەیمانیی جمهووری نیشاندا.
ئەردۆغان: لە غەززە سیاسەتی کۆمەڵکوژی پەیڕەو کراوە
بەشێک لە گوتارەکەی ئەردۆغان تایبەت بوو بە پرسی فەلەستین و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ غەززە، لەمبارەیەوە گوتی: "لە غەززە 668 بینای قوتابخانە، واتا 80%ـی قوتابخانەکان بوونەتە ئامانجی بۆمبەکانی ئیسرائیل. 165 قوتابخانە، زانکۆ و دامەزراوەی پەروەردەیی لەو هێرشانەدا بەتەواوی سووتێنراون، 392 قوتابخانەش کەڵکی بەکارهێنانیان نەماوە. زیاتر لە 13 هەزار و 500 خوێندکار، زیاتر لە 830 مامۆستا و کارمەندی پەروەردەیی و 193 زانا و ئەکادیمی لەلایەن هێزەکانی داگیرکەرەوە شەهید کراون".
هەر بەگوێرەی گوتەکانی ئەردۆغان، زیاتر لە 785 هەزار خوێندکار لە مافی خوێندن بێبەش کراون.
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها گوتی:"پێش هەموو شتێک، ئەمانە ئەنجامی بێبەزەییانەی جەنگ نین. لێرەدا سیاسەتێکی کۆمەڵکوژیی بەئاگایانە، بە ئەنقەست و پلان بۆ داڕێژراو جێبەجێ کراوە. بە نزیکەیی هیچ بینایەک بە پێوە نەماوە".
ئەردۆغان: ئێمە هەرگیز بێدەنگ نەبووین و بێدەنگیش نابین
ئەردۆغان هەروەها باسی هەڵوێستی خۆی لەمەڕ ئەو هێرشانەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کرد و گوتی:"پشتگوێخستنی ئەمە، بە ڕاشکاوی دەیڵێم هاوبەشیکردنە لە کۆمەڵکوژیدا. ئێمە هەرگیز بێدەنگ نەبووین و لەمەودواش بێدەنگ نابین. جیهان تەماشای جینۆسایدی غەززەی کرد. ئێمە هەرگیز بێدەنگ نەبووین و لەمەودواش بێدەنگ نابین. لە هەر چوار لای جیهان، بۆ هەر کوێ بچین، لە هەر شوێنێک بین بە دەنگی بەرزەوە باسی دەکەین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ