ئایا دەمیرتاش لەبری ئۆندەر دەچێتە ئیمراڵی؟

30-04-2025
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە لە تورکیا و باکووری کوردستان بڵاوبووەوە گوایە سەلاحەدین دەمیرتاش لەبری سری سورەییا سەردانی ئیمراڵی دەکات، هاوسەرۆکی دەم پارتی وەڵامی دایەوە.
 
دوای کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی کە رۆژی سێشەممە 29-4-2025 لە پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
 
یەکێک لە پرسیارەکان تایبەت بەو دەنگۆیە بوو کە گوایە سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی دەستبەسەرکراوی هەدەپە کە ئێستا لە زیندانە، ئامادە دەکرێت بۆ ئەوەی ئازاد بکرێت و لە شوێنی سری سورەییا ئۆندەر سەردانی ئیمراڵی بکات.
 
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری گوتی: "زانیاریی تەواو لەسەر ئەم بابەتە لای ئێمە نییە. واتا زانیارییەکمان لەسەر دروستبوونی پەیوەندییەکی وەها نییە، بەڵام ئەمە گومانی لەسەر نییە و دەزانین کە بەڕێز سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و هاوڕێیانی دیکەی زیندانەکان دەیانەوێت رۆڵیان لەم پرۆسەیەدا هەبێت. لەو پەیامانەشیان لە بڵاوی دەکەنەوە ئەمە روونە". 
 
هاتیمئۆغوڵڵاری باسی لەوە کرد، "لەو سەردانانەشمان بۆ لایان، هەریەک لە سەڵاحەدین دەمیرتاشی خۆشەویست و فیگەن یوکسەکداغ گوتیان، ئامادەن هەموو هەوڵێک لەپێناوی سەرخستنی پرۆسەکە بدەن. گوتیان چ لە گرتووخانە و چ لە دەرەوەش ئامادەین رۆڵمان هەبێت. ئەگەر شتێکی وەها رووبدات، ئێمە زۆر دڵخۆش دەبین و ئەمە داواکاریی ئێمەیە".
 
لە رۆژی 1-10-2024ــەوە دەولەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستپێشخەریی کرد و دیالۆگ و پرۆسەیەکی ئاشتی لە تورکیا لەنێوان هاوپەیمانیی جمهوور و دەم پارتی دەستیپێکرد.
 
حکومەتی تورکیا بە دروشمی 'تورکیای بێ تیرۆر' و دەم پارتیش بە دروشمی 'بەدیموکراسی بوونی تورکیا' هەنگاویان ناوە. 
 
دوای زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، پارتەکان و بەشێک لە کەسایەتییەکان، پرۆسەکە بەهۆی نەخۆشکەوتنی سری سورەییا ئۆندەر کەمێک هێواش بووەوە.
 
ئۆندەر نزیکەی دوو هەفتەیە لە نەخۆشخانەیە و بەگوتەی پزیشکانی مەترسی لەسەر ژیانی هەیە.
 
هەر بۆیەش دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە گوایە پلانداڕێژی کراوە بۆ ئەوەی دەمیرتاش لەبری ئۆندەر درێژە بە دیدارەکان بدات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە