رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممە 30-5-2022 لە کامپەسی گرتووخانەی سینجان لە ئەنقەرە 13مین دانیشتنی دادگەی دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ بەڕێوەچوو. هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگاییەکەدا رایگەیاند ئەوان داوای چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کوردیان کردووە، بۆیە لێرەن.
لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێدا حکومەتی تورکیا هەردوو هاوسەرۆکی ئەوکات و ژمارەیەک لە بەرپرس و پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ی تۆمەتبارکرد بە بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکانی ناڕەزایی لە دژی هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ لە ساڵی 2014. ئەو بەرپرسانەی هەدەپە دەستگیرکران و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کرا. لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ 108 کەس دادگەیی دەکرێن کە 22یان لە گرتووخانەدا دەستبەسەرن.
هەریەک لە پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پارتەکە و نوێنەرانی چەندین کۆمەڵە و رێکخراو ئامادە بوون و چاودێریی دانیشتنەکەیان کرد.
سەباحەت تونجەل، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کە ماوەی شەش ساڵە دەستبەسەرە و لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێدا دادگەیی دەکرێت رایگەیاند: "ئێمە لەبەر ئەوە لێرەین چونکە باسمان لە چارەسەریی ئاشتیانە بۆ کێشەی کورد کرد. چونکە داکۆکیمان لە ئاشتی و دیموکراسی کرد بۆیە لێرەین. ئێمە ئەمەمان زۆر گوتووەتەوە، بەڵام ئێوە کاری نایاسایی دەکەن".
لەبارەی ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵیان سەباحەت تونجەل گوتی:"ئێوە ئێمە بە هۆکاری کوژرانی 37 کەس تۆمەتباردەکەن و مافی بەرگریکردنیشمان سنووردار دەکەن. هەدەپە بە هۆکاری هەموو رووداوەکان دادەنێن. ئایا ئێمە وڵات بەڕێوەدەبەین کە هەموو کێشەکان دەخەنە ئەستۆمان؟"
لەکاتێکدا ئەو دۆسیەیە بەهۆی رووداوەکانی کۆبانێ کراوەتەوە و بەرپرسانی هەدەپەش لەسەر ئەوە تۆمەتبار دەکرێت کە داوایان لە ئەنقەرە کرد رێیان پێبدات تاوەکو هاوکاریی خەڵکی رۆژئاڤا بکەن لە دژی داعش. تونجەل لەمبارەیەوە گوتی: "پارتی دەسەڵاتداریش رۆژێک دادگەیی دەکرێت، بەڵام ئەوان بە سەربەرزییەوە ناڕۆنە هۆڵی دادگە. ئەوان لەگەڵ داعش رێککەوتن. با ئێستاش بیشارنەوە، بەڵام ئەمە راستییە. ئەم دادگەییکردنەش، دادگەییکردنی هاوپشتیی خەڵکی کۆبانێیە و پاراستنی داعشە. بە هیچ شێوەیەک رێگەنادەم گوتەی بەرگریکردنم لێ سنووردار بکەن، ئێوە ناتوانن بڕیار لەسەر ماوەی بەرگریکردنی من بدەن".
گولتان کشاناک، سەرۆکی پێشووتری گەورەشارەوانیی ئامەدیش گوتەی بەرگریی پێشکێشکرد و شێوازی دادگەییکردنەکەی بە هەوڵی ئەشکەنجە لەلایەن حکومەتەوە ناوبرد و گوتی: "ئێمە هەرگیز رێگە بە سنووردارکردنی گوتەی بەرگرینامە نادەین. بەرەنگاری ئەوانە دەبینەوە کە لەم وڵاتەدا مافە بنەڕەتی و ئازادییەکان دەخەنە رەفەوە و ئەشکەنجە بۆ ئێمە بە رەوا دەبینن".
هەروەها ئایلا ئاکات ئاتا، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە گوتەی پێشکێشکرد و داوایکرد بۆی روونبکرێتەوە کە بۆچی دادگەیی دەکەن، هەروەها گوتی: "کاتێک ئێوە دادگەییمان دەکەن، ئێمە دەمانەوێ مافی دەستووریی خۆمان بەکاربهێنین، کەچی ئێوە وەڵامی ئەمەمان نادەنەوە. بۆ نموونە من لە ساڵی 2004'وە بەردەوام داوای ئازادی بۆ بەڕێز ئۆجەلان دەکەم، کەچی ئێستا کراوەتە دۆسیە".
رووداوەکانی کۆبانێ لە رۆژانی 6-8ی تشرینی یەکەمی 2014 روویاندا.
دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014دا هێرشیکردە سەر کۆبانێ، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی دیکەی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا کرد رێگە بە ناردنی چەک و هاوکاری دیکەی سەربازیی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە.
لە چەند شارێکی باکووری کوردستان خۆپێشاندان دەستیپێکرد، حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند.
گرژییەکان زیادبوون و لە ئەنجامدا 46 سڤیل و پۆلیس کوژران، 682 کەس لە خۆپێشاندەران و پۆلیس برینداربوون، 323 کەس دەستگیرکران و هەزار و 113 باڵەخانە سووتێنران.
حکومەتی تورکیا رۆژی 4ی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە دەستپێکرد و هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاری ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بەبڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە.
یەکەم دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو دۆسیەیە دوای تێپەڕبوونی 6 ساڵ بەسەر رووداوەکاندا و رۆژی 26ی نیسانی رابردوو لە 22مین دادگای سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ