کەمال کڵچدارئۆغڵو: گەردنی ئەوانە ئازاد بێت کە هێرش دەکەنە سەرم

30-06-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لەکاتێکدا ئەمڕۆ دانیشتنی دادگەیی لەمەڕ 38مین کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بەڕێوەچوو، کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی پێشووی ئەو پارتە هاتە دەنگ و دەڵێت، گەردنی ئەوانە ئازاد بێت، کە هێرشی دەکەنە سەر.
 
دۆسیەی ئەگەری بوونی ساختەکاری لە 38مین کۆنگرەی جەهەپە ئەمڕۆ دووشەممە 30-6-2025 لە دادگەی 42ی ئەنقەرە بەڕێوەچوو. دانیشتنی دادگەییەکە بۆ رۆژی 8ی ئەیلوول دواخرا. 
 
ئەگەر دادگە بڕیاری "پووچەڵکردنەوەی رەها"ی کۆنگرەکە بدات، ئەوا ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی ئێستای جەهەپە و ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەکەی لەکار لادەبرێن و کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشوو دەگەڕێتەوە سەر پۆستەکەی. باڵی کڵچدارئۆغڵو بانگەشەی ئەوە دەکەن کە "لەبری قەییوم، با کڵچدارئۆغڵو بگەڕێتەوە".
 
ئەم هەنگاوە وایکردووە بەشێک لە ئەندام، لایەنگر و رۆژنامەڤانان رەخنەی تووند لە کڵچدارئۆغڵو بگرن.
 
سێ سەرۆکی پێشووتری جەهەپە، هەریەک لە ئاڵتان ئۆیمەن، حیکمەت چەتین و موراد کارایاڵچن، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا لە 27ی حوزەیران، پشتگیریی خۆیان بۆ ئۆزگور ئۆزەل راگەیاند و داوایان لە کڵچدارئۆغڵو کرد کە واز لەو هەوڵانە بهێنێت و "پشتی ئۆزەل بگرێت".
 
کڵچدارئۆغڵو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسەوە بێدەنگیی شکاند و رایگەیاند، بە دروستی نازانێت یاری بە قووتی هیچ کەسێک بکرێت.
 
لە بەشێکی ئێکسەکەیدا کڵچدارئۆغڵو دەڵێت: "گەردنی ئەو گەنجانە ئازاد دەکەم کە لەڕێی هەواڵی هەڵە و درۆینەوە بەڕێوەدەبرێن و سووکایەتی بە من دەکەن. ئەو رۆژنامەڤانانەی بە پارە بەڕێوەدەچن، هەروەها دەهۆڵ لێدەر و ئەو سیاسەتڤانانەی چاویان سوور بووە، حەواڵەی دادپەروەریی خوا و ویژدانی گەل دەکەم".
 
ئەو دۆسیەیە چۆن کرایەوە؟
 
دۆزەکە سەرەتا لەلایەن لوتفو ساڤاش، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی هاتای و ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرەی جەهەپەوە تۆمار کراوە، بە بیانووی ئەوەی ساختەکاری لە پرۆسەی دەنگدان کراوە، بەوەی بەشێک لە ئەندامان بە بەرتیل و بەشێکی دیکەشیان بە هەڕەشە و بەشی سێیەمیان بە بەڵێنی پێدانی پلە و پۆست  لە 38ـەمین کۆنگرەی پارتەکەدا کراوە.
 
داواکاران دەیانەوێت کۆنگرەکە پووچەڵ بکرێتەوە، ئۆزگور ئۆزل و تیمەکەی لەکار لاببرێن و ئیدارەکەی کەمال کڵچدارئۆغڵو بگەڕێندرێتەوە.
 
ئۆزگور ئۆزەل: ئامادەییمان بۆ هەموو سیناریۆیەک هەیە
 
ئۆزگور ئۆزەل لە دوایین لێدوانیدا گوتی: "با دادگە هەر بڕیارێک دەدات بیدات. ئەمە دۆزێکە بۆ دروستکردنی مشتومڕ لەسەر پارتی یەکەمی هەڵبژاردنەکان. با ئەم مشتومڕە کۆتایی پێبێت. ئامادەی هەموو بڕیارێکین، هەروەها ئامادەییمان بۆ هەموو سیناریۆیەک هەیە. جەهەپە بەهێزە و لەسەر پێیەکانی دەوەستێت. با چیدی ئەم زوڵمە درێژ نەکەنەوە. پێویستە ئەم وڵاتە باسی برسیەتی، هەژاری و بێکاری بکات، نەک ئەم کێشە لاوەکیانە."
 
داواکاریی گشتی داوای زیندانیکردن دەکات
 
لە سکاڵانامەکەدا، داوای سێ ساڵ سزای زیندانیکردن بۆ ژمارەیەک لە کەسایەتییە دیارەکانی جەهەپە کراوە بە تۆمەتی ساختەکاری لە پرۆسەی دەنگدان، لەنێویاندا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئیستەنبووڵ. 
 
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە 9ـی ئەیلوولی 1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا. پارتێکی چەپی سۆسیال دیموکراتە. لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەر یەک بە تەنیا حکومەتی پێکهێنا. پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند. لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە بە هاوپەیمانی چەند پارتێکی دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی 1981 بۆ ماوەی چوار ساڵ داخرا و بەبڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە. 38 کۆنگرەی ئاسایی و 20 کۆنگرەی نائاسایی کردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە