رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێشوازی لە حەمدی ئولوکایا کارسازی کورد و سپۆنسەری نوێی یانەی فەنەرباخچە کرد. ئولوکایا وەکو دیاری درێسێکی بەناوی ''چۆبانی''ـی پێشکێشی ئەردۆغان کرد.
دیداری ئەردۆغان و ئولوکایا ئەمڕۆ چوارشەممە 30 ـی تەمموزی 2025 لە کۆشکی سەرۆککۆماری تورکیا لە ئەنقەرە دوور لە چاوی میدیاکان بەڕێوەچوو.
یانەی فەنەرباخچە لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، ''بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆمارمان لە نووسینگەی خۆی پێشوازی لە حەمدی ئولوکایا، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای چۆبانی کرد کە سپۆنسەری ناوی یاریگەکەمان و سپۆنسەری تیپی یەکەمی تۆپی پێمانە لە یارییە ئەوروپییەکاندا. لە کۆتایی سەردانەکەیدا، حەمدی ئولوکایا درێسی یانەی فەنەرباخچەی پێشکێشی بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆمارمان کرد.''
حەمدی ئولوکایا، کە خاوەنی براندی بەناوبانگی ماستی ئەمریکیی چۆبانییە، بۆ واژۆکردنی گرێبەستی سپۆنسەری لەگەڵ یانەی تۆپی پێی فەنەرباخچە ئەمڕۆ لە ئیستەنبوڵ بوو.
یانەی فەنەرباخچە لەگەڵ چۆبانی گرێبەستێکی واژۆ کرد و رایگەیاند کە لەسەر ناوی یاریگە و سپۆنسەریی درێسی یارییەکانی ئەورووپا رێککەوتوون.
حەمدی ئولوکایا لە رێوڕەسمی واژۆکردنەکەدا قسەی کرد و رایگەیاند، زۆر دڵخۆشە بووەتە سپۆنسەری ئەو یانەیەی کە هاندەریەتی.
ئولوکایا گوتی، پێش رێوڕەسمی واژۆکردنەکە لەگەڵ هاوژینەکەی وێنەیەکی گرتووە و گوتی، "من و هاوژینەکەم گوتمان، لە ئەمڕۆ خۆشتر نابێت. ئەگەر عەلی کۆچ تەلەفۆنی بۆ نەدەکردین و ئێمەی رازی نەکردبا، ئەمڕۆ لێرە نەدەبووین."
سپۆنسەریی چۆبانی بۆ فەنەرباخچە
یانەی تۆپی پێی فەنەرباخچە رایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیای چۆبانی گرێبەستێکی سپۆنسەرییان واژۆ کردووە.
یانە زەرد و شینەکە لە سپۆنسەریی ناوی یاریگاکەی لە ماوەی 10 ساڵدا 100 ملیۆن یۆرۆ و لە سپۆنسەریی درێسەکەشی لە ماوەی پێنج ساڵدا لانیکەم 20 ملیۆن یۆرۆ داهاتی دەست دەکەوێت.
فەنەرباخچە رایگەیاند کە لەگەڵ کۆمپانیای چۆبانی کە خاوەنەکەی کارسازی کورد حەمدی ئولوکایایە، گرێبەستێکی سپۆنسەرییان واژۆ کردووە.
لە راگەیێندراوی فەنەرباخچەدا هاتووە: "لە ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان یانەکەمان و کۆمپانیای چۆبانی، لە وەرزی 2025-2026ـەوە و بۆ ماوەی 5+5 وەرز، لەسەر سپۆنسەرکردنی ناوی یاریگە و بۆ ماوەی 2+3 وەرزیش لەسەر سپۆنسەرکردنی درێسی تیپی ئەی تۆپی پێ بۆ یارییەکانی ئەورووپا رێککەوتین."
بەپێی وردەکارییەکانی گرێبەستەکە، بەهای سپۆنسەرکردنی ناوی یاریگە بۆ وەرزی 2025-2026 و وەرزەکانی دواتر 10 ملیۆن یۆرۆیە. بەهای سپۆنسەرکردنی درێس بۆ یارییەکانی ئەورووپا بۆ وەرزی 2025-2026 بڕی چوار ملیۆن یۆرۆیە.
بۆ وەرزەکانی دیکە، ئەم نرخە لانیکەم چوار ملیۆن یۆرۆ دەبێت و بەپێی بەشداریکردن لە چامپیۆنزلیگ یان یۆرۆپالیگ دەگۆڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ