رووداو دیجیتاڵ
فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە ئەنقەرە کۆدەبنەوە. ئەمەش یەکەم سەردانی راوێژکاری ئەڵمانیایە بۆ دەرەوەی وڵات، دوای ئەوەی لە مانگی ئایاری رابردوو دەستبەکاربوو.
فرێدریش مێرتس، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی تشرینی یەکەمی 2025 سەرەتا سەردانی (گۆڕی ئەتاتورک) و باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا دەکات. پاشنیوەڕۆش لە کاژێر 14:15 خولەکدا لە کۆشکی کۆماریی لەلایەن سەرۆککۆماری تورکیاوە پێشوازی لێدەکرێت.
بڕیارە دوای کۆبوونەوە دووقۆڵی و نێوان شاندەکان کە لە کاژێر 15:00 ـدا دەکرێت، هەردوو سەرکردە لە کاژێر 15:30 خولەکدا کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەش ساز بکەن.
کارنامەی کۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرکردە چڕوپڕە. چاوەڕوان دەکرێت لە سەردانەکەدا هاریکاریی سەربازی بابەتێکی دیار بێت، بەڵام سەردانەکە لە ئەڵمانیا بووەتە جێگەی رەخنەی سیاسەتمەدارانی سۆسیال دیموکرات و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، بەهۆی زیادبوونی گوشارەکان لەسەر پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە پارتێکی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆنە.
لە کارنامەی سەردانەکەی مێرتسدا کۆبوونەوە لەگەڵ پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکاندا نییە، ئەمەش کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە و ئەمەش ئاماژەی گرنگ لەبارەی سیاسەتی حکومەتی نوێی ئەڵمانیا بەرامبەر بە تورکیا لەخۆدەگرێت.
حکومەتی پێشووی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیی ئۆلاف شۆڵتس، لە هاوپەیمانیی پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD) و پارتی سەوزەکان پێکهاتبوو. لەو سەردەمەدا کە شۆڵتس سەرۆکوەزیران و ئانالێنا بێربۆک، سیاسەتمەداری پارتی سەوزەکان وەزیری دەرەوە بوو، بەهۆی نزیکیی ئایدۆلۆژییەوە، زیاتر پشتگیری لە جەهەپە دەکرا.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە، لە ساڵی 2023 لە سەردەمی دەسەڵاتی پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD)، بۆ کۆنگرەی ئاسایی ئەو پارتە لە بەرلین بانگهێشت کرابوو.
تەنانەت لە میدیای ئەڵمانیادا وا بڵاوکرایەوە کە حکومەتی شۆڵتس بەهۆی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، رەزامەندیی لەسەر فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی جۆری یورۆفایتەر بە تورکیا نەداوە ،کە تورکیا داوای کڕینی کردبوو. بەڵام سیاسەتڤانانی جەهەپە، بەتایبەتی ئیمامئۆغڵو، داوایان کردبوو فرۆشتنی یورۆفایتەر بە تورکیا بەو بیانووە رێگری لێ نەکرێت.
رەزامەندی لەسەر فرۆشتنی فڕۆکەکانی یورۆفایتەر کە لە سەردەمی حکومەتی شۆڵتسدا هاتە رۆژەڤەوە، بۆ حکومەتی نوێ مایەوە و مێرتسیش دوای ماوەیەکی کەم لە دەستبەکاربوونی، وەکو چاوەڕوان دەکرا، گڵۆپی سەوزی بۆ فرۆشتنی ئەو فڕۆکانە هەڵکرد.
نزیکبوونەوەی بەرلین لە تورکیا گۆڕاوە
پێشبینی دەکرێت فرێدریش مێرتس سەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتی مەسیحی (CDU)ی پارێزگار و راوێژکاری ئەڵمانیا، لە سیاسەتی خۆیدا بەرامبەر تورکیا رێگەیەکی پراگماتیتر بگرێتەبەر، کە رەخنەی کەمتری تێدا بێت.
یۆهان ڤادێفول، وەزیری دەرەوەی سەر بە پارتی یەکێتیی دیموکراتی مەسیحی (CDU)، 11 رۆژ پێش مێرتس سەردانی ئەنقەرەی کردبوو. ئەو پەیامانەی ڤادێفول لە سەردانەکەیدا داینی، ئاماژەیەک بوون بۆ ئەو ئاوازەی مێرتس لە کۆبوونەوەکانیدا بەکاریدەهێنێت.
بابەتە سەرەکییەکانی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بریتی بوون لە دۆخی غەززە و جەنگی رووسیا دژی ئۆکراینا.
ڤادێفول، جەختی لە گرنگیی تورکیا وەکو هاوبەشێکی سەرەکی و هاوپەیمانێکی ناتۆ کردەوە و لە کاتێکدا پشتگیریی لە ئەندامێتیی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکرد، باسی لە مەرجەکانی "دیموکراسی، مافی مرۆڤ و سەروەریی یاسا"کرد، بەڵام هیچ رەخنەیەکی لە تورکیا نەگرت.
باسی لەوەشکرد کە ئەڵمانیا خوازیاری پێشکەوتنە لە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی ئەووروپا و تورکیادا و گوتی: "دەمانەوێت یەکێتیی گومرگی نوێ بکرێتەوە و ئاسانکاری بۆ ڤیزا بکرێت. بە گشتی خوازیاری کارنامەیەکی ئەرێنین."
سەرەتای ئەم هەفتەیە، کێر ستارمەر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە ئەنقەرە بوو. هەرچەندە پارتی کرێکاران کە ستارمەر سەرۆکایەتی دەکات، لە رووی ئایدۆلۆژییەوە هاوشێوەی جەهەپەیە، بەڵام ستارمەر لەگەڵ نوێنەرانی جەهەپە کۆنەبووەوە. تەنیا لەگەڵ ئەردۆغان کۆبووەوە و رێککەوتنی یۆرۆفایتەری واژۆ کرد کە تورکیا ماوەیەکی زۆر بوو چاوەڕێی دەکرد. تورکیا لە چوارچێوەی ئەم رێککەوتنەدا 20 فڕۆکەی جەنگیی جۆری یۆرۆفایتەر لە بەریتانیا دەکڕێت.
پشتیوانیی بەرلین بۆ ئەنقەرە لەبارەی بەرنامەی سەیف
یەکێکی دیکە لە بابەتەکانی رۆژەڤ لە ئەنقەرە، بەشداریکردنی تورکیا دەبێت لە بەرنامەی سەیف (بەرنامەی کردەیی ئاسایشی ئەوروپا - SAFE).
گوتەبێژی نووسینگەی راوێژکاری ئەڵمانیا راگەیاندبوو: "ئەڵمانیا لایەنگرێکی بەهێزی هاوئاهەنگیی نزیکی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆیە. ئەمەش بۆ بەرنامەی سەیف راستە کە رێگە بە بەشداریی وڵاتانی سێیەم دەدات. ئامانجی هاوبەشمان بەهێزکردنی باڵی ئەورووپای ناتۆیە."
بەرنامەی سەیف، کە لە بەرامبەر هەڕەشەی رووسیا پەرەی پێدراوە، رێگە بە وڵاتانی هاوبەش دەدات بە مەرجی گونجاو قەرز بۆ خەرجییەکانی بەرگری وەربگرن و لەنێو خۆیاندا چەک بکڕن.
تورکیا، کە باسی بەشداریکردنی لە بەرنامەکەدا دەکرێت و ئامانج لێی کەمکردنەوەی پشتبەستنی ئەوروپایە بە ئەمریکا لە بواری بەرگریدا، بە تایبەتی بەهۆی توانای بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، تەقەمەنی و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشەوە، وەکو جێگرەوەیەک سەیر دەکرێت کە بتوانێت بە خێرایی وەڵامی پێداویستییە بەپەلەکانی ئەوروپا بداتەوە.
بەڵام کۆماری قوبرس تورکیا وەکو "هێزێکی داگیرکەر" ناو دەبات و یۆنانیش بەهۆی ناکۆکییە سنوورییەکانیانەوە لە دەریای ئیجە، بە تووندی دژی بەشداریکردنی تورکیا لەم بەرنامەیەدان. بۆ بەشداریکردنی تورکیا، رەزامەندیی هەموو وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا مەرجە.
پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئەڵمانیا و تورکیا
چاوەڕوان دەکرێت ئابووری لە سەردانەکەی مێرتسدا رۆڵێکی گرنگ ببینێت. ئەڵمانیا یەکێکە لە گرنگترین هاوبەشە بازرگانییەکانی تورکیا و لەنێو گەورەترین وەبەرهێنەرە بیانییەکانی ئەو وڵاتەدایە. تورکیاش ساڵی رابردوو لە ریزبەندی 14ـەمین گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ئەڵمانیادا بوو و وڵاتانی وەکو سوێد و ژاپۆنی تێپەڕاند.
قەبارەی بازرگانیی دوولایەنەی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی 2023 ـدا گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی و نزیکەی 55 ملیار دۆلار بوو (هاوردەی تورکیا لە ئەڵمانیا 30.7 ملیار دۆلار و هەناردەی تورکیا بۆ ئەڵمانیا 24.3 ملیار دۆلار بوو).
زیاتر لە 500 کۆمپانیای ئەڵمانی لە تورکیا کار دەکەن. مێرتس، پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان، لە باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە ئەنقەرە لەگەڵ ئەو بازرگانە ئەڵمانیانە کۆدەبێتەوە کە لە تورکیا وەبەرهێنانیان هەیە.
گرنگترین چاوەڕوانیی ئابووریی ئەردۆغان لە ئەڵمانیا، نوێکردنەوەی یەکێتیی گومرگییە لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ