ئاکپارتی و مەهەپە لە بارەی قوبرسی باکوورەوە هاوهەڵوێست نین

30-10-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئاکپارتی و مەهەپە کە لە ساڵی 2018ــەوە لە نێو هاوپەیمانیی جمهوورن، ئێستا لە بابەتی قوبرسی باکوور دا بۆچوونی جیاوازیان هەیە. 
 
ئامادەنەبوونی دەوڵەت باخچەلی گومانی بوونی کێشەی دروستکرد
 
رۆژی 29-10-2025 کە زۆربەی بەرپرسانی باڵای تورکیا لە ئاهەنگی 102 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا لە کۆشکی کۆماریدا ئامادە بوون.
 
ئامادەنەبوونی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) کە هاوپەیمانی ئاکپارتییە، بووە جێی مشتومڕ و بەشێک لە چاودێران بابەتەکەیان بە بوونی ناکۆکی لە پرسی قوبرسی باکوورەوە گرێدا. 
 
لەکاتی بەرێوەچوونی رێوڕەسمەکەدا تابلۆیەکی باخچەلی بۆ ئەردۆغان نێردرا کە وێنە و واژۆی ئەردۆغان، ئاڵای تورکیا و لۆگۆی سەرۆکایەتیی کۆماری لەسەرە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە هەتا ئێستا ئاکپارتی و مەهەپە هیچ هەڵوێستێکیان لەبارەی بوونی ناکۆکی لەسەر پرسی قوبرس نیشان نەداوە.
 
لە هەڵبژاردنی قوبرسی باکووردا سەرۆککۆمار گۆڕدرا
 
لە قوبرسی باکوور رۆژی 19-10-2025 خەڵک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان.
 
توفان ئەرهورمان، سەرۆکی پارتی کۆماریخوازانی تورک (جەتەپە) کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنە، بووە سەرۆککۆماری نوێی قوبرسی باکوور.
  
ئەرسین تەتەر، سەرۆککۆماری پێشوو رێژەی 35.27%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا، توفان ئەرهورمان، سەرۆکی گشتیی پارتی کۆماریخوازانی تورک 63.28%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا. 
 
توفان سوپاسی ئەردۆغانی کرد
 
دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان، توفان ئەرهورمان کە پۆستی سەرۆککۆماری بردەوە، گوتارێکی پێشکێشکرد و سوپاسی بەرپرسانی باڵای تورکیا؛ بەتایبەتیش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆمار و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی کرد و گوتی، ئەوان پەیوەندییان پێوە کردووە و پیرۆزباییان کردووە.
 
ئەرهورمان هەروەها جەختیکردەوە کە لە داهاتوودا پەیوەندیی باسیان لەگەڵ ئەنقەرە دەبێت.
 
دەوڵەت باخچەلی: دەبێت قوبرس بە تورکیاوە بلکێندرێت
 
دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) داوای لە پەرلەمانی قوبرسی باکوور کرد کۆبێتەوەو رابگەیێنن کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان قبووڵ ناکەن. هەروەها رایگەیاند، قوبرسی باکوور دەبێت بە کۆماری تورکیاوە ببەسترێتەوە.
 
باخچەلی گوتی: "ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی قوبرسی باکوور بە بەشدارییەکی کەم بەڕێوەچوو. چارەنووسی تورکەکانی قوبرس بەم بەشدارییە کەمە نوێنەرایەتی ناکرێت. هەرچەندە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەلایەن لیژنەی هەڵبژاردنەکانەوە راگەیێندرا، بەڵام دەبێت پەرلەمانی قوبرسی باکوور بەپەلە کۆبێتەوە و رابگەیێنێت کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و گەڕانەوە بۆ سیستمی فیدراڵی قبووڵ ناکرێن و بڕیاری بەشداریکردن لە کۆماری تورکیا بدات."
 
جەتەپە وەڵامی باخچەلی دایەوە
 
پارتی کۆماریخوازی تورکی قوبرس (CTP)، کە پارتی توفان ئێرهورمان، سەرۆککۆماری نوێی قوبرسی باکوورە، گوتەکانی دەوڵەت باخچەلی بە "بێڕێزیکردن و دژایەتیکردنی ویستی خەڵکەکەی" ناوبرد.
 
جەتەپە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "گەلی تورکی قوبرس، جارێکی دیکە بە بەهێزییەوە مافی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار بەکارهێنا. ساڵی 2025 خەڵکی ئێمە ویستی دیموکراسییانەی خۆی خستە سندووقی دەنگدانەوە."
 
جەتەپە هەروەها گوتی، "بەگوێرەی ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردن، توفان ئەرهورمان، سەرۆکی گشتیی پارتی کۆماریخوازی تورکی قوبرس (جەتەپە)، بە بەدەستهێنانی 62.76%ی دەنگەکان، بە سەرۆکی نوێی کۆماری تورکیی قوبرسی باکوور هەڵبژێردرا. ئەم ئەنجامە دەربڕینێکی روونی داواکاریی گەلەکەمانە بۆ گۆڕانکاری. خەڵک پێویستی بە داهاتوویەکی پێشبینیکراو، گیانی برایەتی، چارەسەر و ژیریی هاوبەشە."
 
دەوڵەت باخچەلی دەڵێت، رێژەی بەشداری نزم بووە، پێویستە پەرلەمانی قوبرسی باکوور هەڵبژاردنەکە هەڵبوەشێنێتەوە و بریار بدات ئەو بەشەی قوبرس ببێتە 82ەمین پارێزگای کۆماری تورکیا.
 
 جەتەپە قسەکانی باخچەلی رەتکردەوە و رایگەیاند: "لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەیی، سەبارەت بەوەی کۆماری تورکی قوبرسی باکوور ببێتە پارێزگای 82هەمینی تورکیا، بە تەواوی دژی ویستی گەلی قوبرس و یەکسانیی سیاسییە؛ هاوکات دژی یاسای نێودەوڵەتیشە و قبووڵ ناکرێت. ئەم جۆرە لێدوانە هێرش و بێڕێزییە بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی تورکی قوبرس."
 
جەتەپە هەروەها دەڵێت، هەر گوتارێکی سیاسی، ویستی گەلی تورکی قوبرس بێبەها بکات، لای ئەوان قبووڵکراو نییە.
 
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە