ئەردۆغان: ئەو ئەنجامەی دەمانویست بەدەستمان نەهێنا

01-04-2024
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 


رەجەب تەیب ئەردۆغان رایدەگەیێنێت، ئەو ئەنجامەی دەیانویست بەدەستیان نەهێناوە و لەبارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی "گورزی کۆتایی" لە پارتی کرێکارانی کوردستان بوەشێنن. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنە خۆجییەکانی تورکیا، لە ناوەندی گشتیی پارتەکەی لە ئەنقەرە گوتارێکی پێشکێشکرد، و گوتی هەڵبژاردنە خۆجییەکانی 31ـی ئادار بەشێوەیەک کە شایەنی دیموکراسیی تورکیا بێت، بەڕێوەچوو.  
 
ئەردۆغان گوتی، ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بە دڵی ئەوان نییە و ئەو شتەی کە دەیانویست بەدەستیان نەهێناوە، بەڵام ئاماژەی بەوە دا، رێز لەو ئەنجامە دەگرن کە لە سندووقەکانی دەنگدان دەردەچێت." 
 
لەبارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە دژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان گوتی، بەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی کە لە ماوەی رابردوو دا ئەنجامیانداون، "گورزی قورس"یان لە پەکەکە داوە و ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی "گورزی کۆتایی" بوەشێنن. 
 
هەروها قسەکانی پێشووی دووپات کردنەوە و گوتی "رێگەنادەین لە باشووری سنوورەکانمان تیرۆر-ستان دروست بکرێت." 
 
هەروەها ئاماژەی  بەو کێشانە دا کە لە باکووری کوردستان دروستبوون؛ گوتی، "کەسانی سەر بە پەکەکە ویستوویانە گوشار دروست بکەن، بەڵام بە هۆشیاریی خەڵک و دەستوەردانی هێزە ئەمنییەکان رێگری لە دروستبوونی کێشە کراوە." 
 
ئەردۆغان گوتی، خەڵک لە رێگەی سندووقی دەنگدانەوە قسەی خۆی دەکات و پەیامەکەی دەگەیەنێت بە لایەنە سیاسییەکان. باسی لەوەش کرد، ئەوان پەیامی دەنگدەرانیان وەرگرتووە.  
 
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، 31 ئادار بۆ ئەوان کۆتایی نییە و خاڵی گۆڕانە و خەڵکی تورکیا لە رێگەی سندووقی دەنگدانەوە قسەی خۆی کردووە و "دیموکراسیی تورکیا لەو هەڵبژاردنەدا سەرکەوتوو بووە، تورکیا و گەلی تورکیا سەرکەوتنی بەدەست هێناوە."
 
ئەردۆغان گۆتی لە ماوەی 21 ساڵ دا لە 18 هەڵبژاردن سەرکەوتوو بوون، "لەمەودوا بە سەرکەوتن" بەردەوامی بە رێگەی خۆیان دەدەن. 
 
هەروەها گوتی ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە هەڵدەسەنگێنن و هەر کەموکوڕییەکیان هەبێت چارەسەر دەکەن؛ "لەو شوێنانەی کە سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە درێژە بە پرۆژەکانمان دەدەین."
 
سەرۆککۆماری تورکیا، پیرۆزبایی لەو بەربژێرانە کرد کە سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە و گوتی وەکو حکومەت، بەردەوام دەبن لە پشتگیرکردنی ئەو پرۆژانەی کە لە بەرژەوەندیی شارەکاندا لەلایەن شارەوانییەکانەوە جێبەجێ دەکرێن.  
 
ئەردۆغان هەروها باسی لەوە کرد، بەردەوام دەبن لە سەر جێبەجێکردنی ئەو پلان و پرۆگرامانەی کە بە هۆی هەڵبژاردنەوە دوایان خستبوو، لە بوای ئابوری و راکێشانی سەرمایەگوزاریی دەرەکی بۆ تورکیا پلانەکانیان جێبەجێدەکەن.  
 
 
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەفربارین لە شاری ئاگریی باکووری کوردستان. وێنە: AA/ئەرشیڤ

کەشناسیی تورکیا: پێشبینیی بارینی بەفر لە 21 پارێزگا دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینی دەکات لە 21 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بەفر ببارێ، لەنێویاندا ئەرزەڕۆم، وان و سێواسی باکووری کوردستان