رووداو دیجیتاڵ
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی کە سێشەممە 31-3-2026 لە پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو، باسی چەند تەوەرێکی رۆژەڤی تورکیای کرد و بەتایبەتیش جەختی لەسەر پرۆسەی چارەسەری کردەوە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، پیرۆزباییەکانی نەورۆزی 2026 وەرچەرخانێکی مێژوویی بوون کە ویستی ئاشتیی کۆمەڵایەتییان بەرجەستە کرد.
هەروەها گوتی، ئەو جۆش و خرۆشە پەیامی ئازادی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە، پاراستنی ئاشتی، پێداگری لەسەر پێکەوەژیان و بەرەنگاربوونەوەی هەواڵی ناڕاست بوو، کە بە روونی گەیێندرایە دەوڵەت و دەسەڵات.
"بەرپرسیارێتییەکە لە ئەستۆی دەسەڵاتە"
هاتیمئۆغوڵڵاری بە پێویستی دەزانێ پرۆسەکە لە دەربڕینی نیاز تێبپەڕێت و بچێتە "قۆناخی دووەم" کە تێیدا هەنگاوی پابەندکەر، بونیاتنەر و وەرچەرخان بنرێن. گوتیشی:" لە ژینگەیەکدا کە پشتگیریی کۆمەڵایەتی گەیشتووەتە ئاستی 90%، ئەگەر دەوڵەت و دەسەڵات هەنگاوی کردەیی نەنێن، مەودا لەنێوان متمانە و پشتگیریدا دروستدەبێت کە ئەم بەرپرسیارێتییە بە تەواوی لە ئەستۆی دەسەڵاتە".
"هەڵوێستی باخچەلی لە کردار رەنگی بدایەتەوە ئێستا پرۆسەکە لە قۆناخێکی دیکەدا دەبوو"
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بەردەوام لێدوانی ئەرێنی دەدات و جەخت لەسەر پەلەکردن لە پرۆدەکە دەکاتەوە. تولای هاتیمئۆغوڵڵاری لەمبارەیەوە گوتی:" ئەگەر بانگەوازەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە کرداردا رەنگدانەوەیان هەبووایە، ئێستا پرۆسەکە لە قۆناخێکی زۆر پێشکەوتووتردا دەبوو. بونیاتنانی ئاشتیی ناوخۆیی تورکیا تەنیا پرسێکی سیاسیی ناوخۆیی نییە، بەڵکو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆ سەقامگیریی ناوچەکە پێویستییەکی مێژووییە".
"پێویستە یاسا دەربکرێت و زیندانییانی نەخۆش ئازاد بکرێن"
هاوسەرۆکی دەم پارتی هەروەها داوای لە پەرلەمان کرد بەپەلە بێتە سەر هێڵ، بۆ ئەوەی یاسایەکی گشتگیر دەربکرێت و هاوکات بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا و دادگەی دەستووریی تورکیا بەبێ مەرج جێبەجێ بکرێن. زیندانییانی نەخۆش ئازاد بکرێن و کۆتایی بە سیستمی قەییووم بهێندرێت".
دوای کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی، هاتیمئۆغوڵڵاری لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا، ناڕەزایی خۆی دەربڕی بەوەی پڕۆژەیاسایەک کە بڕیار بوو مانگی نیسان بگات، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە لیژنە و گوتی:"پێمان وایە ئەم رێکارە نابێ بە رۆژ، بەڵکو دەبێ لە ماوەی چەند کاژێرێکدا جێبەجێ بکرێت."
"لە ئیمراڵی شوێنی نیشتەجێبوون دروستکراوە، بەڵام هێشتا ئۆجەلان بۆی نەگواستراوەتەوە"
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە دروستکردنی خانوویەکی نوێ لە ئیمراڵی دەکەن، هاتیمئۆغوڵڵاری گوتی:"زانیاری هەیە کە لە ئیمرالی شوێنێکی نیشتەجێبوون دروستکراوە، بەڵام هێشتا بەڕێز ئۆجەلان بۆ ئەو شوێنە نەگوێزراوەتەوە. ئایا بابەتەکە تەنیا گواستنەوەیە لە شوێنێکی نیشتەجێبوونەوە بۆ شوێنێکی دیکە؟ لێرەدا پێویستە بە روونی جەخت لەسەر پرسە سەرەکییەکە بکەینەوە. پرسەکە لێرەدا پێناسەکردنی ئەو پێگەیەیە؛ واتە پێناسەکردنی پێگەی گفتوگۆکار و ستاتۆی دانوستاندنکاری سەرەکی. بەڕێز ئۆجەلان ئەم دانوستاندنانە بەڕێوەدەبات، ئەمەش لای هەمووان روونە. بابەتە بنەڕەتییەکە ئەوەیە کە بەڕێوەچوونی ئەم دانوستاندنانە شێوازێکی فەرمی و یاسایی وەربگرێت. جگە لەوەش بەڕێز ئۆجەلان دەیەوێت لەگەڵ رووناکبیر، نووسەر، رۆژنامەڤان، ئەکادیمی، سیاسەتڤان، زانا و زۆر لە چین و توێژەکانی تورکیا کۆببێتەوە".
هاوسەرۆکی دەم پارتی هەروەها دەڵێ، رەخساندنی دەرفەت بۆ ئەم دیدارانە، کردنەوەی رێگەی دیالۆگ و دابینکردنی ئاسانکاریی سیاسی و تەکنیکی بۆ ئەم مەبەستە، قۆناخێکی گرنگە.
دەستپێکردنی پرۆسەی چارەسەری
رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2024 بە بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەی زیندانیکراوی پەکەکە پرۆسەیەکی نوێی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەستیپێکرد.
باخچەلی هەروەها داوای چەکدانانی پەکەکە و پێدانی "مافی هیوا"ی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان رۆژی 27ی شوباتی 2025 بانگەوازێکی ئاراستەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد و تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی رێکخستنەکە و دانانی چەکی کرد.
پەکەکەش بە بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان، زنجیرەیەک هەنگاوی نا.
رۆژی 12ی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. لە 11ـی تەممووزدا، گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی سیمبولی چەکیان دانا.
پەکەکە رۆژی 26ی تشرینی یەکەمی 2025 رایگەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆسەکەدا دەستی بە کشانەوەی هێزەکانی لە تورکیا کردووە و ئەم بڕیارەش بە شێوەیەکی تاکلایەنە دراوە. رێکخراوەکە لە 16ی تشرینی دووەمیشدا رایگەیاند، بەهۆی "مەترسیی پێکدادان" ـەوە لە ناوچەی زاپ ـی هەرێمی کوردستان کشاوەتەوە.
لەگەڵ راگەیاندنی بێدەنگکردنی چەکەکان، (کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندرا و لە پێنجی ئابی 2025 دەستی بە کارەکانی کرد. ئەو کۆمیسیۆنە رۆژی 18-2-2026 راپۆرتی هاوبەشی فراکسیۆنەکانی پەسندکرد و ئێستاش چاوەکان لە هەنگاوی یاسایین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ