رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، بە فەرمی ژمارەی کورسیی پارتەکانی لە پەرلەمان راگەیاند و لە رۆژنامەدا بڵاویکردەوە.
دوای ئەوەی رۆژی 14ی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی پەرلەمانیی تورکیا بەڕێوەچوو و ئەنجامی بەرایی راگەیێندرا، رۆژی سێشەممە 30-5-2023 بە فەرمی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی راگەیاند.
ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی تورکیا و چۆنێتیی دابەشبوونەکە لە خولی 28ـمدا گوتی: "دوایین ئەنجامەکان بۆ بڵاوکردنەوە نێردراوەتە رۆژنامەی فەرمی. پارتی داد و گەشەپێدان-ئاکپارتی 268 کورسی، پارتی گەلی کۆماری-جەهەپە 169 کورسی، پارتی چەپی سەوز-یەسەپە 61 کورسی، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی-مەهەپە 50 کورسی، ئیی پارتی 43 کورسی، سەرلەنوێ رەفاهـ 5 کورسی و پارتی کرێکاریی تورکیا-تیپ 4 کورسی."
هەر بەگوێرەی قسەکانی ئەحمەد یەنەر، لە نێوخۆی تورکیا رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن 88.92٪ بووە و لە دەرەوە 53.8٪ بووە. بە گشتی رێژەی بەشداریکردن 87.05٪ بووە.
پارتەکان بە شێوەی سێ هاوپەیمانی چوونە نێو پەرلەمان کە ئەوانیش (جمهوور، میللەت و رەنج و ئازادییەکان) بوون.
هاوپەیمانیی جمهوور (ئاکپارتی، مەهەپە، یەنیدەن رەفاهـ و هوداپار) 49.4٪ی دەنگەکانی بردەوە. هەروەها هاوپەیمانیی میللەت (جەهەپە، ئیی پارتی، ئایندە، دیموکراسی و پێشکەوتن، سەعادەت و پارتی دیموکرات) 35٪ی دەنگەکانیان بردەوە. هەروەها هاوپەیمانیی رەنج و ئازادییەکان کە هەدەپە رابەرایەتیی دەکات، 10.5٪ی دەنگەکانی بردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ