رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە چوارەمین لووتکەی گەنجانی تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و پرۆسەی چارەسەریی بە گەورەترین دەستکەوت ناوبرد.
لە چوارەمین لووتکەی گەنجانی تورکیا کە ئەمڕۆ شەممە 31-5-2025 لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بە رۆڵی گەنجان کرد و گوتی: "لە رقی ئەوانەی دەیانەوێت لەڕێی نەژاد، ناسنامە و مەزهەبەوە جیامان بکەنەوە، پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر، واتە گەورەترین بەرهەمی ئێمە، لەگەڵ ئێوەدا بە ئەنجام دەگەیەنین".
ئەردۆغان راشیگەیاند، هەموو بەیەکەوە وڵاتێک بنیات دەنێن کە لە هەموو سووچێکییەوە برایەتی هەبێت و دوور بێت لە کوشتن و وێرانکاری.
لەبارەی قۆناخی دوای پرۆسەی چارەسەری و کۆتاییهێنان بە شەڕی دەیان ساڵەی نێوان سوپای وڵاتەکەی و گەریلاکانی پەکەکە، ئەردۆغان گوتی: "براکانم، ئینجا ئەوکات لاپەڕەیەکی نوێ بۆ وڵاتەکەمان هەڵدەدرێتەوە، بەو داستانانە پڕی دەکەینەوە کە بەیەکەوە نووسیومانن... بە پشتیوانیی خودا و نزای خێری گەلەکەمان، لە قۆناخی داهاتوودا سەرەتا دەگەینە تورکیای بێ تیرۆر و دواتریش ناوچەیەکی بێ تیرۆر".
سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی لەو لایەنانە گرت کە پێیان وایە پرۆسەی چارەسەری هەرەس دەهێنێت.
ئەردۆغان داوای لە گەنجان کرد گوێ بەو رەخنە و گوتانە نەدەن و لەسەر هەوڵ و کاری خۆیان بەردەوام بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ