رووداو دیجیتاڵ
ئەو کرێکارەی پارێزگای مانیسای تورکیا کە رۆژی شەممە گرتەیەکی بە رووتی لەنێو زەیتوون بڵاوکرایەوە و کاردانەوەی خەڵکی بەدواداهات، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە دەستگیرکرا. هاوکات مۆڵەتی کارکردن لە کارگەکەیش سەندرایەوە.
دوای کاردانەوەکان و داوای خەڵک لەبارەی ئەو کرێکارەی لە کارگەیەکی بەرهەمهێنان و خۆشەکردنی زەیتوون لە پارێزگای مانیسا کاری دەکرد، تیمەکانی فەرماندەیی جەندرمەی مانیسا ئەو کەسەیان دەستگیرکرد کە ناوی (موحەڕەم)ـە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی پارێزگای مانیسا، دوای ئەوەی 29-7-2023 گرتە ڤیدیۆیی ئەو کریکارە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک بڵاوکرایەوە کە کەرتی خۆراک و ئاسایش و کوالێتیی خۆراکی خستە ژێر هەڕەشە، دەستکراوە بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون.
کرێکارە دەستگیرکراوەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و بە پۆلیسی گوتووە ئەو کارەی تەنیا بۆ گاڵتە کردووە، بەڵام ئەو گوتەیە رزگاری نەکردووە لە سزا و ئەو کەسە لەلایەن دادوەری ئێشکگرەوە راگیراوە. هەروەها بە بڕیاری داواکاری گشتی، ئەو کارگەیەی ڤیدیۆکەی تێدا تۆمارکراوە، داخراو و مۆری لێدرا و مۆڵەتی کارکردنی لێسەندرایەوە. هەروەها خاوەنی کارگەکە بە جیا سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە.
هەر لەمبارەیەوە وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا رایگەیاندووە، ستافی تایبەتیان لەبارەی ئەو گرتەڤیدیۆییەی بەرهەمی زەیتوون و تەندروستیی مرۆڤی خستووەتە ژێر هەڕەشە، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
لە گرتەڤیدیۆکەدا کرێکارێک بێ ئەوەی گوێ بداتە پاکوخاوێنیی بەرهەمە خۆراکییەکان، بە رووتی چووەتە نێو حەوزی بەرهەم و زەیتوونی خۆشەکراو و بە سندووق دەیداتە دەستی کرێکارەکانی دیکە. ئەوەی خەڵکی زیاتر تووڕەکرد ئەوە بوو کە ئەو کرێکارە زۆر بە ئاسایی رەفتاری دەکرد. لەو کارەگەیەدا زەیتوون بەرهەمدەهێندرێت و خۆشە دەکرێت، دواتریش راستەوخۆ رۆنی لێ دروستدەکرێت.
بەگوێرەی یاسای ژمارە 5996ـی پاکوخاوێنی لە بەرهەمە خۆراکییەکانی تورکیا، ئەم شێوازە کارکردنە بە هەموو شێوەیەک ناتەندروستە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی خۆراک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ