رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وەزارەتی ژینگە، شارسازی و گۆڕانی کەشوهەوای تورکیا پڕۆژەی دروستکردنی پەناگەی مۆدێرنی لە 81 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان دەستپێکردووە.
لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ژێرخانی پەناگەی ئێستا "کەم و کوڕیی" هەیە، ئەرکی دروستکردنی ناوچەی ئارامی نوێ لە 81 شاردا بە "TOKI" سپێردرا.
تورکیا چەند وڵاتێکی بە نموونە وەرگرتووە
تورکیا لەو پڕۆژەیەدا، سیستمی پەناگەی وڵاتانی ئیسرائیل، ژاپۆن و سویسرای کردووەتە نموونە. بەتایبەتیش پلان وایە ئەو دامەزراوە نوێیانەی دروست دەکرێن، بە جۆرێک بن کە لە کاتی کارەسات و قەیرانەکاندا بە ئاسانی زیانیان پێ نەگات.
رێوشوێنەکانی ئێستا "کەم و کوڕی"یان هەیە
لە تورکیا رێسای پەناگە لە ساڵی 1987ـەوە هەیە و لە دروستکردنی پەناگەدا کاری پێدەکرێت؛ بەتایبەتی لە دیاریکردنی قەبارەدا مەرجی لەسەر خەڵک داناوە، بەڵام لە پراکتیکدا زۆرجار ئەم مەرجانە پشتگوێ خراوە.
لە زۆربەی بیناکاندا، ئەو شوێنانەی مەرجە پەناگە بن، کراونەتە گەراجی ئۆتۆمبێل یان کۆگا. لەم پڕۆژە نوێیەی حکومەتی تورکیادا پلان دانراوە بۆ ئەوەی رێگری لەمە بکرێت.
بەرپرسانی حکومەت دەڵێن، بەم کارە تورکیا باشتر ئامادە دەبێت بۆ کارەساتە سروشتییەکان و ئەگەری پێشهاتی ئەمنی.
سەرۆکی پارتێکی تورکیا: وڵاتەکەمان ئامادەی هێرشی مووشەکی نییە
ئۆزتورک یڵماز، سەرۆکی پارتی یەنیلیک رۆژی 19-6-2025 لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا رەخنەی تووندی لە حکومەتی وڵاتەکەی گرت و رایگەیاند، حکومەت ئامادەکاریی بۆ جەنگی ئاسمانی و هێرشی مووشەک و بالیستی نەکردووە.
یڵماز بەتایبەتی لەکاتی جەنگی مووشەکیی نێوان ئێران و ئیسرائیل گوتی: "ئەگەر هێرشی هاوشێوە بکرێتە سەر تورکیا و لە ئەگەری وەڵامدانەوە ئەو مووشەکەی لە ئەنقەرەوە ئاراستە دەکرێت، ئەوپەڕی دەگاتە کۆنیا".
ئەمە لەکاتێکدایە پارێزگای کۆنیا دراوسێی ئەنقەرەیە و مەودای نێوان ناوەند بۆ ناوەند نزیکەی 260 کیلۆمەترە.
ئۆزتورک یڵماز حکومەتی ئاکپارتیی تۆمەتبار کرد بەوەی بەگوێرەی پێویست پەرەی بە بەرگریی ئاسمانی نەداوە و گوتی: "تورکیا لە سەردەمی ئاکپارتی کەوتە ئەم دۆخەی ئێستا. ئێس400ی لە رووسیا کڕیوە، ناتوانێت بەکاری بهێنێت. ئەمریکییەکان نایدەن و تورکیاش خۆی پەرە بەمە نادات. وڵاتەکەمان لە ئاسمانەوە کراوەیە بۆ هێرش. لە هەر ئان و ساتێکدا لەوانەیە لە بنکە سەربازییەکانمان بدرێت. تورکیا بەم توانایەیەوە هەرگیز بەرامبەر هێرشی وەها سەرکەوتوو نابێت".
بەهۆی بوونی ناکۆکی لە نێوان ئەنقەرە و واشنتن، تورکیا هەتاوەکو ئێستا نەیتوانیوە سیستمی بەرگریی ئێس400ی رووسی کارا بکات. ئەمە لەکاتێکدایە تورکیا ساڵی 2019 ئەو سیستمەی کڕیوە.
بەرپرسانی تورکیا رەخنە لە ئەمریکا دەگرن بەوەی لە بابەتی چەک و سیستمی بەرگریدا هاوکاریی نەکردوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ